"رێگریكردن لە كاری تەكسی لەلایەن فەرمانبەرانەوە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 109718‌ جار بینراوە
سەڵاح جەوهەر

دواڕۆژ، سامان قوبادی
بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم، لەچەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری رێگریكردن لە كاری شۆفێری تەكسی لەلایەن فەرمانبەرانەوە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، سەڵاح جەوهەر بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دواڕۆژ باس لەوەشدەكات: شۆفێران بۆ ئەوەی زەرەمەندنەبن دەتوانرێت تەكسییەكانیان بکەنەوە بە ئۆتۆمبێلی تایبەت.

دواڕۆژ: ئایا رێگری لە فەرمانبەران و كارمەندانی ئاسایش و پۆلیس دەكرێت لەمەودوا كاری شۆفێری تەكسی بكەن؟
سەڵاح جەوهەر:
ئەمە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆیە و ئێمەش بەپێی رێنمایی كاردەكەین، ناتوانین دەست وەربدەینە كاروباری وەزارەتی ناوخۆ و بڕیار رەتبكەینەوە، جێبەجێدەكرێت، ئەگەر ئەوان بیانەوێت كاروباری تەكسی وەكو خۆی بەڕێوەببرێت ناكرێت هەموو كەس مۆڵەتی شۆفێری تەكسی پێبدرێت.

دواڕۆژ: ئایا قەرەبووی ئەو خاوەن تەكسییانە دەكرێتەوە كە بەهۆی بڕیارەكە و فرۆشتنی تەكسییەكان زەرەمەنددەبن؟
سەڵاح جەوهەر:
ئەمە بڕیار و رێنمایی وەزارەتی ناوخۆیە، هیچ كاتێك بەرپرس نین لە هێنانی ئەو هەموو ژمارە زۆرەی تەكسی بۆ ناو هەرێم، چونكە لە ستاندەری جیهانی تێپەڕیكردووە، بۆیە لە قەرەبووكردنەوەشیان بەرپرس نین، بەپێی ئامارەكانمان لە هەرێمی كوردستان 92 هەزار ئۆتۆمبێلی تابلۆی سور هەیە لەو ژمارەیە نزیكەی 85 هەزاریان تەكسین.

دواڕۆژ: كەی بڕیارەكە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە؟
سەڵاح جەوهەر: 
بەپێی وتەی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت و تا مانگی شەش بەردەوام دەبێت.

دواڕۆژ: چۆن دەزانن شۆفێرەكە مووچەخۆری حكومەته؟ لەكاتێدا بەشێكیان بەتایبەت ئاسایش و پۆلیس بایۆمەترییان نەكردووە؟
سەڵاح جەوهەر:
بەپێی بڕیار و رێنماییەكان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە رێكاری یاسایی دەگیرێتەبەر، لە ماوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە بۆمان دەردەكەوێت ئەوانەی شۆفێری تەكسین، ئایا لەهەمانكاتدا فەرمانبەری حكومەتن یان نا؟

دواڕۆژ: مەبەست لە جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە لەئێستادا چییە؟
سەڵاح جەوهەر:
ئەم پڕۆژەیە هی دووساڵ پێش ئێستایە، لەبەر رێگریكردن و كۆسپ و نەبوونی وەزیری گواستنەوە بەشێوەیەكی بەردەوام دواخرا بۆ ئێستا.

دواڕۆژ: ئایا دانانی عداد بۆ تەكسی، راستە؟
سەڵاح جەوهەر:
چۆن بكرێت و لەسەر چ رێنماییەك ئەمە جێبەجێ بكرێت، پێویستی بە دەركردنی چەند رێنماییەكە لەلایەن وەزارەتەكانی گواستنەوە و ناوخۆ و داراییەوە بۆ دانانی عداد لەسەر تەكسییەكە، بۆیە بەهەماهەنگی لەداهاتوودا جێبەجێ دەكرێت.

دواڕۆژ: باس لە دروستكردنی وێستگەی نوێ دەكرێت بۆ وەستانی تەكسی بەچی شێوەیەكە و كێ جێبەجێی دەكات؟
سەڵاح جەوهەر:
پڕۆژەی لەوشێوەیەمان لەبەردەستدا نییە، بەڵكو دەمانەوێت تەكسییەكانی ناوەوە و دەرەوەی شار لێك جیابكەینەوە، هەروەها تەكسییەكانی شارێك لەشارێكی تر جیابكەینەوە.

دواڕۆژ: لەگەڵ هاتوچۆدا مۆڵەتی گشتی لە فەرمانبەران وەردەگیرێتەوە؟ یاخود تەنیا رێگرییان لێدەكەن كە كاری تەكسی بكەن؟
سەڵاح جەوهەر:
وردەكاریەكانمان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بەدەستنەگەیشتووە تا بزانین رێگری دەكرێت یان مۆڵەتەكەیان لێوەردەگیرێتەوە، بەڵام پێویست دەكات مۆڵەتی شۆفێری چەند مەرج و پابەندیيەكی توندی بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی هەموو كەس نەتوانێت كاری شۆفێری تەكسی بكات.

دواڕۆژ: كەواتە بەم هۆیەوە هەلی كار بۆ كۆمەڵێك خەڵكی تر دەرەخسێت؟
سەڵاح جەوهەر:
بەدڵنیاییەوە راستە، ئەگەر فەرمانبەرێك بۆی نەبێت كاری شۆفێری تەكسی بكات، لەهەمانكات هەلی كار بۆ كەسێكی تر دەرەخسێت كە هیچ كارێكی نییە.

دواڕۆژ: ئەو فەرمانبەرانەی رێگرییان لێدەكرێت، ئایا دەتوانن تەكسییەكانیان بكەنەوە بە ئۆتۆمبێلی تایبەت؟
سەڵاح جەوهەر:
بۆ ئەوەی زەرەمەند نەبن، بەڵێ‌ دەتوانن بیكەنەوە بە ئۆتۆمبێلی تایبەت.

دواڕۆژ: ئەو كەسانەی بڕیارەكە دەیانگرێتەوە جێبەجێی نەكەن سزادەدرێن؟
سەڵاح جەوهەر:
دەبێت رێنماییەكان توندتر بكرێت، بۆ ئەوەی هەر شۆفێرێك سەرپێچی كرد یان گیچەڵی بە سەرنشینێك گرت رێكاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر و غەرامەی مادی بكرێت، بەمە دەتوانین كۆنتڕۆڵی كاری تەكسی بكەین لە كوردستان.

دواڕۆژ: چی لەناو تەكسییەكان دادەنرێت بۆ ئەوەی ئەگەر سەرنشینێك رووبەرووی دەستدرێژی بووەوە سكاڵا تۆمار بكات؟
سەڵاح جەوهەر:
یەكێك لە لایەنە گرنگەكانی پڕۆژەكەمان دانانی كۆدێكە لە جامی پێشەوە و كوشنی دواوەی تەكسی، لەرێگەی ئەو كۆدەوە سەرنشین دەتوانین لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی گواستنەوە لە شارەكان سكاڵا لەسەر شۆفێرەكە تۆماربكات.

دواڕۆژ: پڕۆژە یان بڕیارە هەیە بۆ بەڕێوەبردنی كاری تەكسی لەلایەن كۆمپانیای كەرتی تایبەتەوە؟
سەڵاح جەوهەر
: هەركەسێك بیەوێت كۆمپانیا دابنێت بۆ گواستنەوەی هاوڵاتییان پێشوازی لێدەكەین و بەهەموو شێوەیەك هاوكاری دەكەین.

 

پ: رێباز



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure