ئاسایش له‌باره‌ى مامه‌ڵه‌كردن به‌دۆلاره‌وه‌ هۆشدارى ده‌دات

هەواڵ / ئابوری :: 26/01/2019‌ :: 2576‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محه‌مه‌د
 ئاسایشی سلێمانى به‌ نوسراوى ره‌سمى هۆشدارى ده‌داته‌ نوسینگه‌كانى ئاڵوگۆڕى دراو كه‌ هه‌ر كه‌سێك مامه‌ڵه‌ به‌ 100 دۆلارى چاپى كۆن نه‌كات توشی لێپێچینه‌وه‌ى یاسایی ده‌بێت.

له‌ نوسراوێكى ئاسایشى سلێماندا كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌: "داوا له‌ خاوه‌نى كۆمپانیا و نوسینگه‌ و كاسبكار و ده‌ستگیڕه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ به‌هیچ جۆرێك نابێت جیاوازى بكرێت له‌ نێوان دۆلارى چاپى كۆن و نوێ".

ده‌شڵێت: "به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ رووبه‌ڕووى لێپێچینه‌وه‌ى یاسایی ده‌بن". 

محه‌مه‌د ئیبراهیم، كاسبكار له‌ بازاڕی دۆلاره‌كه‌ی سلێمانی به‌ دواڕۆژی وت: "هه‌ندێكجار كێشه‌ی وه‌رنه‌گرتنی دۆلاری ساڵه‌ كۆنه‌كان و كه‌مێك ستۆك له‌نێوان كاسبكاران و موشته‌ریه‌كاندا دروستده‌بوو كه‌ ئه‌مه‌ش ببوه‌ هۆی نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له‌نێوان كڕیار و فرۆشیارى دراودا".

وتیشی: "له‌دوای ئه‌و نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تیه‌ ئاسایشی سلێمانی به‌شی كۆمپانیاكان/حه‌واڵه‌، بڕیارێكی ده‌ركرد بۆ هه‌موو كۆمپانیا و دوكان و ده‌ستگێڕه‌كانی ئاڵوگۆڕی دۆلار كه‌ ده‌بێت هه‌موو جۆره‌ دۆلارێك مامه‌ڵه‌ی پێوه‌بكرێت بێجگه‌ له‌ دۆلاری دڕاو و ته‌واو ژاكاو ‌و ساخته‌، بۆیه‌ له‌ئێستادا هه‌موو جۆره‌ چاپێك مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ده‌كرێت".

پێداچوونه‌وه‌: هـ. ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure