بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی: نابێت فڕۆکەخانە بۆ ململانێی سیاسی بەکاربهێنرێت

هەواڵ / کوردستان :: 26/01/2019‌ :: 352‌ جار بینراوە
تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی رایدەگەینێت: کردنەوەی گەشتی تورکیا بۆ سلێمانی گرنگییەکی زۆری بۆ هەرێم هەیە و هیوادارین جارێکیتر گەشتی نێودەوڵەتی بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا دانەخرێت.


تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند: دوای بڕیاری تورکیا بۆ لابردنی گەمارۆ لەسەر فرۆکەخانەی سلێمانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 26ی کانونی دووەم یەکەم گەشتی تورکیا بۆ سلێمانی و گەشتی پێچەوانەش ئەنجامدرا.

وتیشی: "فڕۆکەخانە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیانە نەک ململانێی سیاسی و هیوادارین جارێکیتر رووبەڕووی دۆخی لەو جۆرە نەبێتەوە و گەشتی نێودەوڵەتی بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا دانەخرێت".

لەسەر ئەوەی ئایا هیچ گرەنتییەکیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی جارێکیتر فرۆکەخانەی سلێمانی دانەخرێت، وتی: "هیچ گەرەنترییەک نییە، بەڵام پێویستە لایەنەکان فڕۆکەخانە بەکارنەهێنن لە ململانێ سیاسییەکاندا".

لەبارەی ئەو زیانانەی لە ماوەی داخستنیدا بە فڕۆکەخانەی سلێمانی گەیشتووە، تاهیر عەبدوڵا وتی: "ساڵی 2018 بەهۆی وەستانی گەشتەکانەوە زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار زیان بەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کەوتووە".

ئاماژەی بەوەشدا، جگە لە گەشتەکانی تورکیا، ئەڵمانیاش بڕیاریداوە گەشتەکان دەستپێبکاتەوە و لە 10ی مانگی شوباتی دەهات و یەکەم گەشت ئەنجامدەدەن.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە