دهؤك: نەشتەرگەرییەکی دەگمەن بۆ منداڵێک ئەنجامدرا

هەواڵ / کوردستان :: 27/01/2019‌ :: 421‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك
لەشاری دهۆک، نەشتەرگەرییەکی دەگمەن بۆ منداڵێکی تەمەن شەش ساڵان ئه‌نجامده‌درێت و پزیشكه‌كه‌شى ده‌ڵێت: تەندروستی بەرەو باشی دەڕوات.


ئەو منداڵە کە ناوی (فورات جەمال محەمەد)ە ساڵی 2016 توشی نەخۆشییەکی دەگمەن بووە و بەوتەی باوکی لە هەولێر پزیشکێک نەیتوانیوە نەخۆشییەکەی دیاریبکات و بۆ ماوەی هەشت مانگ دەرمان و چارەسەری هەڵەی بۆ نووسیوە.

جەمال محەمەد، باوکی فورات دەڵێت: "دوای ئه‌و هەشت مانگه‌، ئەو پزیشکە نەشتەرگەرییەکی بۆ منداڵەکەم ئەنجامدا و پارچەیەک لە ریخۆڵەی لێکردەوە و بەپێی راپۆرتەکەی، ریخۆڵەی توشی هەوکردن بووە بۆیە لێیکردووەتەوە".

وتیشی: "بەو نەشتەرگەرییە نەخۆشی کوڕەکەم کۆتایی نەهات، پزیشکەکەش وتی بچن بۆ ئوردن و لەوێ بەنازور چاره‌سەردەکرێت، بەڵام لە ئوردن وتیان پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی دیکەیە، کاتێکیش گەڕاینەوە پزیشکەکەى رەتیکردەوە نەشتەرگەری بۆ ئەنجامبدات و ئێمەش سکاڵامان دژی تۆمارکرد".

دواى ئه‌وه‌ى باری تەندروستی فورات دەکەوێتە مەترسییەوە، پزیشکێکی شاری دهۆک نەشتەرگەرییەکی بۆ ئەنجامدەدات و بەوتەی ئەو، ئێستا تەندروستی منداڵەکە بەرەو باشی دەڕوات.

د. قادر محمه‌د ساڵح بە دواڕۆژی وت: "ئه‌و منداڵه‌ توشى نه‌خۆشى (Peutz-Jeghers syndrome) بووه‌ كه‌ له‌ هه‌ر 100 هەزار منداڵێک، یەک منداڵ تووشی دەبێت، به‌ڵام ئه‌و پزیشكه‌ى سه‌ره‌تا نه‌شته‌رگه‌رى بۆ كردبوو و نزیكه‌ى 70 سانتیمەتری له‌ ریخۆڵه‌ى بڕیبوو و سێ راپۆرتى لەسه‌ر نه‌خۆشیه‌كانى نوسیبوو كه‌ زۆر روون نین و نه‌خۆشییەکەی ده‌ستنیشان نه‌كردبوو‌".

باسی لەوەشکرد: دواتر نەشتەرگەرییەکم بۆ ئەو منداڵە ئەنجامدا و 30 سانتیمەتری دیکەم لە ریخۆڵەی بڕی، لە هەمان کاتدا 30 سانتیمەترم بۆ ریخۆڵەی قۆڵۆنی زیادکرد بۆ ئەوەی زیاتر سود لە خواردن وەربگرێت و ئێستا تەندروستى منداڵەکە باشترە".

خێزانى ئەو منداڵه‌ ماڵیان له‌ سنورى قه‌زاى ئاكرێیە، به‌ڵام دایك و باوكى تائێستا له‌ دڵه‌ڕاوكێدان و ترسییان له‌ تەندروستی منداڵه‌كه‌یان هه‌یه‌.

پ: ن. ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure