کایەی سیاسی سلێمانی*

هەواڵ / چاوی تۆ :: 26/01/2019‌ :: 175‌ جار بینراوە

سەرکەوت زەکی 

سلێمانی وەک یەکەیەکی جوگرافی و سنوورێکی فراوان، دوور لەھەر کاریگەری و کارتێکردنێکی ناوچەگەری، شارێکە بۆ بەخشش و نوێبوونەوە و داھێنان، لە رابوردووەوە تا ئێستای بۆ چرکەیەک نە لە کاروانەکە دواکەوتووە و نە کەمتەرخەمییەکی نواندوە، راستە پێگەیەکی بازرگانی، پیشەسازی یان کشتوکاڵیی جیاکەرەوەی ئەوتۆی نییە لە شارەکانی تری کوردستان گرنگتربێت، بەڵام مێژوویەکی تایبەتی بۆخۆی خوڵقاندوە. ئەو مێژووەیش سەروەرییەکی نیشتمانی و نازناوی جۆراوجۆری پێبەخشیوە کە پەیوەستی کردوە بە رابوردووی خۆی و داھاتووەکەشیەوە، چ وەک شاری ھەڵمەت و قوربانی بێت یان پایتەختی رۆشنبیری، شارێکە لەژێر کاریگەریی کەلتورە سیاسیە نیشتمانی و پێشکەوتنخوازیەکەیدا لە زۆر قۆناغی گرنگی مێژوویی و سەردەمی جیاوازدا رۆڵی پێشەنگی گێڕاوە.
بۆ کورتە وتارێکی وەھا و بۆ خوێنەری کورد، رەنگە ئاوڕدانەوە لە ڕابوردوو و بەڵگەی مێژوویی ھێنانەوەم پێویست نەبێت، بەڵام لە درێژەی راپەڕین و شۆڕشی چەکداریی رزگاریی نیشتمانی باشوری کوردستاندا، سلێمانی ھەمیشە لە پێشەوە و پێشەنگ بووە، کاریگەری و شوێنپەنجەی خۆی بەسەر خەبات و شۆڕشەکانیەوە جێھێشتوە و ئەمەش نەک تەنھا لەڕووی تۆپۆگرافی و ھەڵکەوتە جوگرافیەکەی، یان پشتیوانی ماددی و خوێن و قوربانی و بەخشینی سەرچاوە مرۆییەکەیەوە بووە، بەڵکە بەدیوێکی تردا لەڕووی ئەو ژینگە سیاسیەی لە سلێمانیدا فەراھەم بووە و نەشونمای کردوە و لەڕووی دنیابینی و کۆمەڵایەتیەوە بووە بە قیبلەنمای شۆڕش و جووڵانەوە و گەشە و پێشکەوتنە سەرتاسەرییەکانی جووڵانەوە سیاسیەکانی کوردستان. 
لە رابوردوودا، ژینگە یان کایەی سیاسی سلێمانی، وێڵ و سەوداسەر و خولیای ئازادییەکەی لە رزگاریی نیشتمانی و بەدەستھێنانی مافە نەتەوەییەکانی و سەربەخۆییدا چڕکردبوەوە، بەڵام لەسایەی ئەزموونەکانی حوکمڕانی خۆماڵی و کەلتورە بزێو و نەوەستاو و رۆڵە پێشەنگیەکەیەوە، ساڵانێکە و ئیستاشی لەگەڵدا بێت ئەم کایە سیاسیە دەستی بە داوەکانی ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیشەوە بەتوندی گرتووە، کایە سیاسیەکەی بەداوای شەفافیەت و بەدیھێنانی عەدالەتێکی گشتگیر بارگاوی کردووە و بەرپرسیارێتیەکی خستوەتە ئەستۆی ھەموان. بۆیە ھەر ھێزێکی سیاسی بیەوێت لە کاروانەکەی سلێمانی دانەبڕێت و کاروانچیەکانی جێی نەھێڵن، بیەوێت لە کۆی پرۆسەی سیاسی لە باشوور دوانەکەوێت، پێویستە لە پەیامەکانی ئەم کایە سیاسیە تێبگات و بیخوێنێتەوە و لێی رابمێنێت، تا دواتر بتوانێت کاری پێبکات، ئەگەرنا با وێڵی دوای چارەنووسە نادیارەکەی خۆی بێت، چونکە کایەی سیاسی سلێمانی لەئیستادا باوەشی بۆ ھێزە عەدالەتخواز و شەفاف و سیاسەتڕوونەکان کردووەتەوە.

* پێشکەشە بە رۆحی ئەکرەمی ساڵەحی ڕەشە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure