(هێڵی گۆڕانكاری) له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامی-دا راگه‌یه‌نرا

هەواڵ / کوردستان :: 25/01/2019‌ :: 5678‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال و عەلی حەمەسەعید
ژمارەیەك سەركردە و كادیری بزووتنەوەی ئیسلامی (هێڵی گۆڕانكاری)یان لەنێو حیزبەكەیاندا راگەیاند و به‌ وته‌ى خۆیان ئامانجیان "كۆكردنه‌وه‌ى هەموو ئەو كادیر و سەركردە دڵسۆزانەی ناو بزووتنەوە و ئەوانەی دەرەوەی بزووتنەوەیە كە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا ناچاركراون بەدووركەوتنەوە یان پەراوێزخراون".


بەپێی راگەیەندراوێكی هێڵی گۆڕانكاری- ئەنجومەنی بەڕێوەبردن كە ئه‌مشه‌و هه‌ینى 25ى كانونى دووه‌م، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و وێنەی بۆ دواڕۆژ نێردراوە "لە چەند رۆژی رابردوودا هەندێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ناوەندەكانی راگەیاندن دەنگۆی دامەزراندنی حیزبێكی نوێی ئیسلامی لەلایەن كۆمەڵێك سەركردە و كادیری باڵای حزبە ئیسلامییەكانەوە بڵاوبووەوە، بەتایبەتی ئەم دەنگۆیە دوای ئەوە هات كە شەش سەركردەی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان راگەیاند".

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە "ئێمە وەك كۆمەڵێك ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و كادیری باڵای بزووتنەوەی ئیسلامی كە لە ئێستادا خۆمان لەو دۆخە گەندەڵ و گوماناوییەی ناو بزووتنەوە و شێوازی بەڕێوەبردنەكەی دابڕیوە، نامانەوێت هیچ ژمارەیەكی تر لەحزبی ئیسلامی زیاد بكەین و كار و خەباتمان بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی ئیسلامییەكانە، نەك زیاتر پەرتەوازەكردنی".

وەكو لە راگەیەندراوەكە ئاماژەی بۆ كراوە "لەم پێناوەشدا كار بۆ گێڕانەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی دەكەین بۆ سەر هێڵە راست و دروست و شەرعییەكەی سەرەتای دروستبوونی كە زانا و پێشەوای گەورە مامۆستا مەلا عوسمان رابەرایەتی كرد".

ئەو سەركردە و كادیرانەی بزووتنەوە دەڵێن "دەمانەوێت ئەو حیزبە نوێیەی میدیاكان باسی دەكەن خودی بزووتنەوەی ئیسلامی بێت سەرلەنوێ دایمەزرێنینەوە و بیگێڕینەوە بۆ سەر رەوتە شەرعییەی سەرەتا، بۆ ئەم مەبەستەش لەچوارچێوەی پڕۆژەیەكی بابەتی و نوێدا (هێڵی گۆڕانكاری) لەناو بزووتنەوەی ئیسلامیدا رادەگەیەنین كە كۆكەرەوەی هەموو ئەو كادیری و سەركردە دڵسۆزانەی ناو بزووتنەوە و ئەوانەی دەرەوەی بزووتنەوەیە كە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا ناچاركراون بەدووركەوتنەوە یان پەراوێزخراون".

ده‌قى راگه‌یه‌نراوه‌كه‌

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure