ئەمڕۆ ساڵیادی لەسێدارەدانی علی كیمیاوییە، ئەو پەتە ببینە كە پێی خنكێنرا

هەواڵ / کوردستان :: 25/01/2019‌ :: 5359‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
ڕۆژی 25/1/2010 ئەو ڕۆژەیە كە لە بیرەوەری هەڵەبجەییەكاندا ڕۆژێكی لە بیر نەكراوە، ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی (عەلی حەسەن مەجید) ناسراو بە عەلی كیمیاویدا تێدەپەڕێت.


لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ نۆ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر بە سزا گەیاندن و لەسێدارەدانی عەلی كیمیاوی كە بووەهۆی جەرگ سووتانی دایكانمان و بریندار بوون و ژەهراوی بوونی چەندین لاو و گەنج و پیر و ژنان و منداڵانی بێتاوانی سنورەكەمان و پلانداڕێژەری خاپور كردنی شارێك بە گوند و دێهاتییەكانیشیەوە.
 
ئاماژەی بەوەشكرد، 25/1 لە بیرەوەری ئێمەی كەسوكاری شەهیدان و قوربانیانی كیمیاباراندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە، چونكە ئەو تاوانبارەی لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا لەسێدارەدرا جیبەجێكاری هەوڵی پلانی سڕینەوەی نیشتمانێك بوو، بۆیە ئەمڕۆ لە مێژووی ئێمەی قوربانیاندا بە رۆژیكی كەم تا زۆر سوكنایی هاتن بە دڵماندا دادەنرێت و بەشێك لە خەممانی پێ ڕەوییەوە هەرچەندە تا ئێستاش خوێنمان برین دەچۆرێت.
 
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، تا سەرجەم تاوانباران و هاوكارەكانیان نەگەن بە سزای یاسایی خۆیان ڕۆحی شەهیدانمان ئاسودە نابێت هەرچەندە بە لەناوچوونی هەزاران تاوانباری هاوشێوەی (عەلی حەسەن مەجید) ناگاتە نیو دڵۆپ لە خوێنی شەهیدانمان و چركەیەك لە ئازاری بەركەوتوانمان كەمناكاتەوە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure