عەلی باپیر هەڵوێستی حیزبەكەی بۆ بەشداریكردن لە حكومەت ئاشكراكرد

هەواڵ / کوردستان :: 24/01/2019‌ :: 762‌ جار بینراوە
عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، تا لایەنی بەرامبەر سەردانیان نەكات و تەكلفیان لێنەكات و تێنەگەن بەرنامەیان چۆنە و پێگەی ئەوان چۆن دەبێت، هەڵوێستی خۆیان یەكلایی ناكه‌نەوە.


عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەمیانەی بەشداربوونی لە مەراسیمی بەخشینی مۆڵەت بە ژمارەیەك فەقێ لەشاری سلێمانی، سەبارەت بەهەڵوێستی حیزبەكەی بۆ بەشداربوونیان لەكابینه‌ی نوێ حكومه‌تی هەرێم، رایگەیاند: ئێمە هەڵوێستی سیاسی خۆمان راگەیاندووە و نەمانوتووە بەشدار نابین.

وتیشی: "تا لایەنی بەرامبەر سەردانمان نەكات و تەكلفیمان لێنەكات و تێنەگەین بەرنامەیان چۆنە و پێگەی ئێمە چۆن دەبێت، ئایا حكومەتی ئایندە وەكو حكومەتەكانی پێشتر دەبێت كە گرفتار بێت بەدەستی حیزب و شتی بچووكەوە، یان دەستكراوە و لەخزمەتی خەڵكدا دەبێت، ئەوکات خۆمان یەکلایی دەکەینەوە".

عەلی باپیر ئاماژەی بەوەشكرد: ئێستا نە وتوومانە بەشدار نابین وەكو هەندێك لایەن رایانگەیاندووە كە ئەوە ئیجتیهادێكە، مەعقولیش نییە بڵێین بەشدار دەبین، تا لایەنی بەرامبەر (پارتی) كە خاوەنی دۆسیەكەیە نەیەتە لامان و داوامان لێنەكات و بزانین بەرنامەیان چۆنە بڕیار ناده‌ین.

دەربارەی ئەوەی دەوترێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی سەردانی عەلی باپیری كردووە، ناوبراو رەتیكردەوەو وتی: "هیچ كۆبوونەوەیەك بەمزوانە نەكراوە، لەڕابردوودا نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی پارتی هاتنە لامان، بەڵام لەكاتی دەستپێكی پێكهێنانی كابینەی نوێ كەس نەهاتووە بۆ لامان، هەرچیش دەوترێت كە كۆمەڵ خەڵكی راسپاردووە ئەسڵ و ئەساسی نییە".

لەوەڵامی پرسیاری دواڕۆژ سەبارەت بەوەی پێشبینی دەكەن ماوەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ زۆر بخایەنێت؟، ئەمیری كۆمەڵ وتی: "ئەسەف دەخۆم هەردوو حیزبی حوكمڕان كە لەڕابردوودا ئەم وڵاتەیان بەڕێوەبردووە هەندێك شت لەخۆیان دەكەنە گرێكوێرە، تۆپ لەساحەی ئەوانە و دەبێت لەئەوان بپرسین كەی گرفتەكانتان چارەسەر دەبن".

وتیشی: "پێمخۆشە هەرچی زووترە حكومەت پێكبێت، ئەگەر ئێمە لە حكومەت بین یان نەبین، لەپەرلەمان پێگەمان هەرچییەك بێت، گرنگ ئەوەیە ئەم وڵاتە پەرلەمانێكی كارا و حكومەتێكی دڵسۆزی هەبێت، رێگە لەقۆرخكاری و گەندەڵی بگرێت، لەسەر بناغەی ئینتیمای حیزبی و سیاسی مامەڵە لەگەڵ خەڵك نەكات، بەڵكو لەسەر بناغەی مرۆڤبوون مامەڵە بكات، یاسای تێدا سەروەر بێت".

لەوەڵامی پرسیارێكی دیكەی دواڕۆژیش سەبارەت بەوەی ئەگەر گۆڕان بەشداری حكومەت بكات و كۆمەڵیش بەشدار نەبێت، هەماهەنگییان دەمێنێت؟، عەلی باپیر وتی:  "تائێستاش لەگەڵ گۆڕان ئاگامان لەیەكە و هەماهەنگی و راوێژمان هەیە، بەڵام یەكدیمان نەبەستووه‌تەوە بەوەی گریمان سبەینێ گۆڕان ئەقڵی بڕی بەشدار بێت، ئێمە عەقڵمان نەیبڕی، ئەوە مانای لێكترازانمان نییە، بەڵكو پێكەوە راوێژ و دۆستایەتیمان هەر دەبێت، بەڵام تا ئەم چركەساتەش پرس و راوێژمان هەیە".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure