بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان داواى ژماره‌یه‌ك پۆستى باڵا ده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 24/01/2019‌ :: 825‌ جار بینراوە
لۆگۆی بزوتنەوەی گۆڕان

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان داواى پۆستى سێ وه‌زاره‌تى خزمه‌تگوزارى و وه‌زاره‌تێكى سیادى و چه‌ند پۆستێكى ئه‌منى و نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كات و ئه‌ندامێكى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى ئه‌و حیزبه‌ش ئاشكرایده‌كات: بۆیەکەمجار لە دانیشتنی سێشەممە باس لە دابەشکاری پۆستەکان کراوە، به‌ڵام یەکلانەبۆتەوە هێشتا چی وەردەگرن.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى سێشه‌ممه‌ 22ى كانونى دووه‌می بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و پارتى، به‌ڕەسمی گۆڕان داواى ژماره‌یه‌ك پۆستى باڵاى كردووه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى خاڵبه‌ندى و پارتى دیموكراتى كوردستانیش سه‌قفى داواكارییه‌كانى ئه‌و حیزبه‌ى پێ زۆربووه‌.

دواڕۆژ زانیویه‌تى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان جگه‌ له‌وه‌ى داواى ژماره‌یه‌ك پۆستى به‌ڕێوەبه‌رى گشتیى و بریكارى وه‌زیر و راوێژكارى كردوه‌ له‌سه‌ ئاستى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مان، له‌ هه‌مانكاتدا داواى پۆستى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى، په‌روه‌رده‌، پلاندانان و یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌تە سیادییه‌كانى له‌وانه‌ دارایى و پێشمه‌رگه‌ كردووه‌ له‌گه‌ڵ دوو نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم.

بزوتنه‌وى گۆڕان جگه‌ له‌و پۆستانه‌ داواى چه‌ند پۆستێكى ئه‌منى كردوه‌ له‌ نێو ئه‌نجومه‌نى ئاسایش بەپێی ئەو زانیارییانەی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌: پارتی داواكارییەكی گۆرانی قبوڵكردووە بۆ پێدانی پۆست لەناو ئەنجومەنی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەرێم و ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی سلێمانی.

دواڕۆژ زانیویه‌تى پارتى له‌ كۆبوونه‌وى رۆژى سێشه‌ممه‌ لیستى داواكارییه‌كانى گۆڕانیان به‌ زۆر زانیوه‌ و ئاماژه‌یان به‌وه‌كردوه‌ كه‌ پێویسته‌ گفتوگۆى زیاتر له‌ سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ بكرێت له‌ڕێگه‌ى لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كان، تاوه‌كو پێكدادان له‌ نێوان داواكارییه‌كانى ئه‌وان و یه‌كێتیى دروستنه‌بێت.

هێمن شێخانى، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: كارنامه‌ى حكومه‌ت و پۆسته‌كان درابوو به‌ لیژنه‌ى تایبه‌ت، ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان دابه‌شكردنى پۆسته‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى خاڵبه‌ندى بێت.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌ دیاریكردنى كاندیده‌كان ره‌چاوی پسپۆرى و كه‌سایه‌تى و شوێنى جوگرافى ده‌كرێت، تاوه‌كو تیمێكى به‌هێز بنێرنه‌ حكومه‌ت و به‌رنامه‌ی چاكسازى پێشكه‌شبكه‌ن.

شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، له‌میانه‌ى پێشکەشکردنی بابەتێك له‌ سیمینارێكى ده‌زگاى "ستانده‌ر" له‌ هه‌ولێر رۆژی چوارشه‌ممه‌ 23ى كانونى دووه‌م، رایگه‌یاند: ئێمە ئەگەر بەشداری حکومەت بکەین رازی نابین وەک کابینەی پێشوو کارنامەی حکومەت یەک لاپەڕەی ئینشائی بێت و تێیدانەبێت کە حکومەت لە ماوەی چوار ساڵدا بەرنامەی چی دەبێت.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌وانه‌ى باس لە دابەشکردن و یەکلابونەوەی پۆستەکان دەکەن لەناو گۆڕان بۆ چەند کەسێک، راست نییە و بۆیەکەمجار لە دانیشتنی سێشەممە له‌گه‌ڵ پارتى باس لە دابەشکاری پۆستەکان کراوە، به‌ڵام یەکلانەبۆتەوە هێشتا چی وەردەگرین.

شۆڕش حاجی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: ئەزمونمان لە بەشداریکردنی کابینەی پێشوو وەرگرتووە و ئەمجارە بۆ هەر پۆستێک سێ ناو پێشکەشی جڤات دەکەین لەو کەسانەی سی ڤی-یان وەردەگیرێت بۆ ئەوەی بڕیار لە کەسێکیان بدرێت.

پێشتریش هۆشیار زێبارى، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى رۆژى سێشه‌مممه‌ى گۆڕان و پارتى رایگه‌یاند: "لەگەڵ برادەرانی گۆڕان دوو لیژنەی هونەریمان دروستکردبوو، یەکێک بۆ رێککەوتن لەسەر بەرنامەی داهاتووی حکومەت، ئەوەی دیکە بۆ پێوەرەکانی بەشداربوون، هەردوو کۆبوونەوەکە بەباشی بەڕێوەچوون".

ئاماژه‌شى به‌وه‌كردبوو: لەسەر کێشە بنەڕەتییەکان لێکتێگیشتن هەیە، لەسەر پێوەرەکانی بەشداربوون و بەرنامەی حکومەت بە چ شێوەیەک دەبێت، ئەولەویاتی ئەو حکومەتە چی بێت، لەلایەکی دیکە بەردەوامدەبین لە دانوستان، چونکە هیچ بژاردەی دیکەمان نییە کە پێکەوە ئەو حکومەتە دروستبکەین.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure