یەكێتی و پارتی بە ئومێدەوە لە كۆبوونەوەی سێقۆڵی دەڕوانن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 24/01/2019‌ :: 308‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال
دوو سەركردەی پارتی و یەكێتی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی (پارتی، یەكێتی، گۆڕان) بەباش دەزانن بۆ نزیككردنەوەی بۆچوونەكان سەبارەت بەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، بەڵام سەركردەیەكی گۆڕان دەڵێت: "پێموانییە ئەم دانیشتنەش دەسكەوتێكی وای تێدابێت یان دڵخۆشكەر بێت".


وابڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی سێقۆڵی لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام بدرێت و تیایدا تاوتوێی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم بكرێت، بەڵام تائێستا كات و شوێن و ئاستی بەشداربوونی ئەو سێ لایەنە لەو كۆبوونەوەیەدا دیارنییە.

دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان، پارتی و یەكێتی وەكو براوەی یەكەم و دووەم، پارتی و گۆڕانیش وەكو براوەی یەكەم و سێیەم چوار دانیشتنیان ئەنجامداوە، بەڵام نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتایی بۆ چۆنێتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، بۆیە پێشنیار كراوە كۆبوونەوەی سێقۆڵی ئەنجام بدەن.

عارف روشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی بە دواڕۆژی راگەیاند: هەر كۆبوونەوەیەك بكرێت باشە، چونكە لەكۆبوونەوەدا گفتوگۆ دەكرێت و باسی گرفتەكان دەكرێت، ئەو سێ لایەنەش كە بڕیارە لەكابینەی نوێدا بەشداربن پێكەوە كۆببنەوە، بەدڵنیاییەوە بۆچوونەكانیان لێك نزیكتر دەبن.

هاوکات رەهبەر سەید برایم، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە دواڕۆژی وت: "پێشنیاری ئەو كۆبوونەوەیە كراوە و هەر دەبێت ئەو كۆبوونەوانە بكرێن و لایەنەكان بگەنە رێككەوتن، لەبەرئەوەی دەبێت هەر بەڕێككەوتن و یەكگرتوویی و تەبایی ژیانی خەڵك خۆش بكرێت، بۆیە پێشبینی دەكەین كۆبوونەوەیەكی باش بێت، چونكە راستە گلەیی هەیە، بەڵام كێشەكان قوڵ نین".

بەڵام ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان رای جیاوازی هەیە و پێیوایە ئەو دانیشتنەش هیچ دەستکەوتێکی نابێت.

هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: لەساڵی رابردوودا لەبەرئەوەی دوو هەڵمەتی هەڵبژاردن هاتە پێشەوە، زیاتر گرژی كەوتە پەیوەندییەكان و تائێستاش پەیوەندییەكان چاك نەبوونەتەوە و پێموانییە ئەم دانیشتنەش دەسكەوتێكی وای تێدا بێت یان دڵخۆشكەر بێت.

شێخانی وتیشی: "بەڵام ناشمانەوێت ئێمە ببینە بەربەست، چونكە دانەنیشتن رەنگە ببێتە بەربەست بۆ دواخستنی كابینەكە، بۆیە بەشداردەبین، بەڵام لەو كۆبوونەوەیەشدا بڕیاری كۆتایی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم نادرێت".

كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان براوەی پێنجەمە، بەڵام تائێستا پارتی سەردانی نەكردوون بەمەبەستی بەشدارییان لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم. لەوبارەیەوە فاروق عەلی، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵ بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەوەی تائێستا لەمیدیاكان هەیە هیچ بەرەو پێشچوونێك بەكۆبوونەوەكانەوە دیارنییە و هیچ رانەگەیەندراوە و وانازانین شتێك چووبێتە سەر كاغەز، چونكە بەپێی هەواڵەكان، بەتایبەتی یەكێتی و پارتی بۆچوونیان جیاوازە و رێكنەكەوتوون.

ئەوەشی خستەڕوو: "خۆ ئەگەر رێككەوتبن و چیدیكە خەڵك لەچاوەڕوانیدا نەمێنێتەوە و ئەو دۆخە باش ببێت، كارێكی باشە، بەڵام پێشبینی ناكەم بەو كۆبوونەوەیە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی تێدا پێكبێت و كۆتایی بە كێشە و گرفتەكان بێت".
 
پ: ن. ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure