دوایین هەڵوێستی یەكێتی و پارتی بۆ دەنگدان بەكاندیدی وەزیری داد

هەواڵ / کوردستان :: 23/01/2019‌ :: 367‌ جار بینراوە
هێشتا پارتی بڕیاری نەداوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق خۆیان یەكلاییكردەوە بە دەنگدان بۆ كاندیدە نوێیەكەی وەزارەتی داد، پارتیش چاوەڕێی بڕیاری مەركەزییە.


میران محەمەد، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23ى كانونى دووه‌مى 2019 بە دواڕۆژی راگەیاند: وەكو یەكێتی خۆیان بۆ دەنگدان بەكاندیدەكانی حكومەتی نوێی عێراق یەكلایی كردۆتەوە و دەنگیان پێدەدەن بەكاندیدەكەی وەزارەتی دادیش.

بەڵام دانا جەزا، پەرلەمانتاری پارتی بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: لەبەرئەوەی كۆبوونەوەی پەرلەمان كاتژمێر 7ی شەوە، بۆیە تائێستا هیچ بڕیارێكی مەركەزییان بۆ ئەو پرسە نییە و رەنگە لە كاتژمێرەكانی داهاتوودا بڕیار دەربچێت.

بەپێی نووسراوێكی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كە رەوانەی پەرلەمانی كردووە، حاكم (ئەركان قادر وەلی كەریم بیبانی) بۆ وەزیری داد كاندید كردووە لەگەڵ سەفانە حسێن ئەلحەمدانی بۆ كاندیدی وەزارەتی پەروەردە.

یەكلایینەبوونەوەی پۆستی وەزیری داد یەكێك بوو لە گرفتەكانی نێوان یەكێتی و پارتی، چونكە یەكێتی ئەو پۆستەی بەمافی خۆی دەزانی و كاندیدەكەشی خالید شوانی، ئەندامی سەركردایەتی بوو.

بڕیاربوو نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانى عێراق بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ و ته‌واوكردنى پێكهاته‌ى حكومه‌ت كۆببێته‌وه‌، به‌ڵام كۆبونه‌وه‌كه‌ بۆ كاتژمێر 7ى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دواخرا.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure