خدران داوای جیابوونەوە و بنگرد-یش داوای مانەوە لەسەر قەزای دوكان دەكەن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 25/01/2019‌ :: 706‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال، محەمەد مستەفا
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ یەكلاییكردنەوەی لایەنی كارگێڕی ناحیەكانی خدران و بنگرد لەئیدارەی راپەڕین، كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری كرد و بڕیاردرا لیژنەیەكی تایبەت بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو بابەتە سەردانی ناوچەكە بكەن.

ناحیەی بنگرد بە 41 گوندی دەوروبەری هەزار و 82 ماڵن، ناحیەی خدرانیش بە 23 گوندەوە نزیكەی 500 خێزان دەبن، ئەو دوو ناحیەیە لەڕووی ئیدارییەوە سەر بەقەزای دوكانن، قەزای دوكانیش سەر بەشاری سلێمانییە.

لەمانگی ئابی 2016دا راپرسی لەو دوو ناحیەیە كراوە و زۆرینە داوایان كردووە لەڕووی ئیدارییەوە هەر لەسەر قەزای دوكان بمێننەوە، بەڵام لەحاڵەتی گواستنەوەیان بۆ سەر ئیدارەی راپەڕین بەقەزای رانیەوە دەبەسترێنەوە.

رۆژی 22-1-2019 لەكۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەئامادەبوونی قایمقامی ناوەندی رانیە و بەڕێوەبەری هەردوو ناحیە كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری بۆ ئەو پرسە بەڕێوەچوو.

حسێن مەحمود، قایمقامی ناوەندی رانیە دوای كۆبوونەوەكە بەدواڕۆژی راگەیاند، ئەم كۆبوونەوەیە راوێژكاری بووە و بڕیارە لیژنەیەك لەئەنجومەنی پارێزگا بۆ بەدواداچوون سەردانی ناوچەكە بكەن، هەر شتێك لەبەرژەوەندی خەڵك بێت ئەو بڕیارە دەدەن.

محەمەد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ناحیەی بنگرد بەدواڕۆژی راگەیاند، ئەوان لە مانگی ئابی 2016 راپرسییان كردووە و 75%ی خەڵكەكە داوای مانەوە لەسەر سلێمانی دەكەن، چونكە پێیانوایە لەقەزای دوكان نزیكترن و چەند ساڵە پێكەوە مامەڵەیان كردووە و ئیدارەی راپەڕین هاوشێوەی گەرمیان بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی لێ نییە.

ناوبراو وتی: "رای من ئەوەیە لەبەرئەوەی رێزی زۆرینە بگیرێت هاوكات رێزی كەمینەش بگرین، رای 25%ی خەڵكەكە كە دەیانەوێت بڕۆنە سەر راپەڕین زۆر ئاساییە، با ناحیەكان لەسەر سلێمانی بمێننەوە و گوندەكان بڕۆنە سەر ئیدارەی راپەڕین".

ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی خدران بۆ دواڕۆژی روونكردەوە،  بەپێی ئەو راپرسییەی كردوویانە 65%ی خەڵك داوایان كردووە لەسەر سلێمانی بمێننەوە، چونكە لەكار و پڕۆژە و خزمەتگوزاری سلێمانی سوودمەند بوون.

لەتیف ساڵح، ئەنجومەنی گوندی ئاوەژێی ناحیەی بنگرد بەدواڕۆژی راگەیاند، وەك زۆرینەی دانیشتوانی ناحیەی بنگرد و گوندەكانی پێیانباشە لە ئێستادا لەڕووی ئیدارییەوە سەر بەقەزای دوكان بن لەبەرئەوەی لەڕووی خزمەتگوزارییەوە قەزای دوكان لەقەزای رانیە باشترە و ئیدارەی قەزای دوكانیش زووتر بەدەم داواكارییەكانیانەوە دێت.

ناوبراو روونیكردەوە، بەڵام هەر كاتێك قەزای ڕانیە بوو بە پارێزگا یاخود ئیدارەیەكی سەربەخۆی تۆكمە و پڕ خزمەتگوزاری هەبوو ئەوانیش پێیان خۆش دەبێت لەڕووی ئیدارییەوە بگەڕێنەوە سەر ئیدارەی ڕاپەڕین، بەڵام لە ئێستادا رای زۆرینەی خەڵكی ناحیەكە ئەوەیە لەڕووی كارگێڕییەوە لەسەر قەزای دوكان بن.

عەلی شوشكەیی، نوێنەری گوندەكانی بناری ناحیەی خدران بەدواڕۆژی راگەیاند، پێچەوانەی ناحیەی بنگرد ئەوان لە ڕووی جوگرافییەوە لەئیدارەی راپەڕین نزیكترن، بۆیە داواكارن لەڕووی ئیدارییەوە بخرێنە سەر قەزای ڕانیە و ئەو داوایەشیان ئاڕاستەی بەڕێوەبەری ناحیە و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە.

شوشكەیی جەختیكردەوە، بەگشتی رای زۆرینەی دانیشتوانی بناری چیای كۆسرەت و ناحیەی خدرانیش لەگەڵ ئەوەدان بخرێنە سەر قەزای ڕانیە، لەئێستاشدا لەگەڵ ئەنجومەنی گوندەكانی ناحیەی خدران لەگفتوگۆدان بۆ ئەوەی داواكاری ئەوان بگەیەنرێتە ئەنجومەنی پارێزگا تا ناحیەكە بخرێتە سەر ئیدارەی ڕاپەڕین.

لەلایەكی دیكەوە كاسترۆ مەعروف، سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی نیشتمانی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كە خەڵكی دەڤەری رانیەیە داوایكرد ئەنجومەن پێشنیار بكات ئەو فەرمانگانەی ناوچەكە بخرێنەوە سەر راپەڕین دواتر كە خەڵكەكە خۆیان بڕیاریاندا یان ئەنجومەن گەیشتە ئەنجامێك دەتوانن بابەتەكە یەكلایی بكەنەوە.

كاسترۆ ئاماژەی بەوەدا، ناكرێت هاوڵاتییەكی ناحیەی خدران ئەگەر كێشەیەكی لەبواری تەندروستی هەبێت، بڕوات بۆ ئیدارەی راپەڕین، بەڵام بۆ كێشەی بواری پەروەردە بڕواتە سلێمانی، تەنانەت لەناحیەی خدران بنكەی ئاگركوژێنەوە نییە، هێشتا نیوەی فەرمانگەكانیان لەسەر راپەڕین و نیوەشیان لەسەر سلێمانین.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure