سوریا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئیسرائیل ده‌كات

هەواڵ / جیهان :: 23/01/2019‌ :: 154‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
نوێنه‌رى سوریا له‌ وته‌یه‌كیدا له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی هۆشداریدایه‌ ئیسرائیل و رایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی روبه‌ڕووی ئیسرائیل نه‌بێته‌وه‌ كه‌ چه‌ندجارێكه‌ بۆردومانی فڕۆكه‌خانه‌ی دیمه‌شق ده‌كات، ئه‌وا ئێمه‌ش بۆردومانی فڕۆكه‌خانه‌ی ته‌لئه‌بیب ده‌كه‌ین.


به‌شار جه‌عفه‌ر، نوێنه‌رى سوریا له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ده‌رباره‌ى بارودۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و رایگه‌یاند: سوریاش مافی شه‌رعی خۆیه‌تی به‌رگری له‌ خۆی بكات و به‌ره‌نگارى هێرشه‌كانی ئیسرائیل ببێته‌وه‌ كه‌ بۆردومانی فڕۆكه‌خانه‌ی دیمه‌شقی مه‌ده‌نی كردووه‌.

باسی له‌وه‌شكردووه‌: ئه‌مه‌ چه‌ندجارێكه‌ ئیسرائیل بۆردومانی فڕۆكه‌خانه‌ی دیمه‌شق ده‌كات و ئێمه‌ش له‌ تواناماندایه‌ بۆردومانی فڕۆكه‌خانه‌ی ته‌لئه‌بیب بكه‌ین.

رونیشیكرده‌وه‌: بۆردومانه‌كانی ئیسرائیل پێشێلكارییه‌كی دیاری یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و په‌یماننامه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure