پارتى و گۆڕان له‌باره‌ى به‌رنامه‌ى حكومه‌تی داهاتوو رێككه‌وتوون

هەواڵ / کوردستان :: 23/01/2019‌ :: 477‌ جار بینراوە
"پارتی پڕۆژەكەی بەدڵ بووە"

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێى نێوان هه‌ریه‌ك له‌ پارتى و گۆڕان، شاندى پارتى ره‌زامه‌ندیداوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پاكێجەکانی گۆڕان بکرێتە کارنامەی حکومەت.


دوێنێ سێشەممە، 22ى كانونى دووه‌م شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا زۆرترین گفتووگۆ له‌ باره‌ى پرسى به‌رنامه‌ى حكومه‌ت و چاكسازى كراوه‌، شاندى پارتیش رازی بووه‌ به‌شێكى زۆر له‌ پاكێجەکانی گۆڕان بکرێتە کارنامەی حکومەت و دواى ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بى سیاسى خۆیان و یه‌كێتى گفتووگۆى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

دواڕۆژ زانیویه‌تى ئه‌و پاكێجه‌ى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێى پارتى و گۆڕان گفتووگۆى له‌سه‌ركراوه‌، لەبواره‌كانى دارایی و سەربازی و كارگێری و چاودێری و دەركردنی یاسا و كێشە هەڵپەسێردراوەكان و پەیوەندییەكانی دەرەوە و سەربەخۆیی دادوەری بووه‌.

دوابه‌دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى دوێنێى، دانا عه‌بدولكریم، لێپرسراوى ژووى حكومه‌ت و په‌رله‌مان له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ لێدوانێكیدا به‌ میدیاكانى راگه‌یاند: ئەوان بەرنامەی خۆیان بۆ چاكسازی لە سەرجەم سێكتەرەكان پێشكەش كردووە و داوایانكردووە چاكسازی لە حكومەتدا بەجۆرێك بێت هەموو جومگەكان بگرێتەوە.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: پڕۆژەكانی خۆیان ئاراستەی پارتی كردووە و ئەوانیش پرۆژەكەیان بەدڵبووە و وتویانە دەبێت ئەو پڕۆژانە بدرێنە مەكتەبی سیاسی حزبەکەیان.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure