پارتى و یه‌كێتى و گۆڕان كۆبونه‌وه‌ی سێقۆڵی ئەنجامدەدەن

هەواڵ / کوردستان :: 23/01/2019‌ :: 446‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
ئه‌ندامێكى شاندى دانوستانكارى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت ئاشكراى ده‌كات: كه‌ سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى ئاینده‌ ئه‌وان و پارتى و یه‌كێتى له‌باره‌ى پرسى به‌رنامه‌ى كابینه‌ى نوێ كۆده‌بنه‌وه‌.

دانا عه‌بدولكه‌ریم، ئه‌ندامى شاندى دانوستانكارى گۆڕان بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، به‌ دواڕۆژى وت: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێمان له‌گه‌ڵ پارتى باس له‌وه‌كرا كۆبوونه‌وه‌ى سێ قۆڵى له‌ نێوان (پارتى و یه‌كێتى و گۆڕان) ئه‌نجامبدرێت، ئێمه‌ لاریمان نیه‌ و ئاماده‌ین بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دیکە ئه‌نجامده‌درێت له‌نێوان هه‌رسێ لایه‌ن، كۆبوونه‌وه‌كه‌ش تایبه‌ت ده‌بێت به‌ پرسى به‌رنامه‌ى حكومه‌ت و ئه‌و لیژنانه‌ش له‌ هه‌رسێ لایه‌نه‌كه‌ به‌شدارى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تایبه‌ت دانراون بۆ پرسى به‌رنامه‌ى حكومه‌ت".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ رزگار عه‌لى، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، به‌ دواڕۆژى وت: "بیرۆكه‌یه‌ك هه‌بوو به‌رنامه‌ى كارى كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌ت به‌هاوبه‌شى له‌لایه‌ن (پارتى، یه‌كێتى، گۆڕان) دابنرێت، ئێمه‌ مه‌بده‌ئییه‌ن پێمانباشه‌ و ئاماده‌ین بۆ كۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure