بەرپرسێکی گۆڕان: بەرنامەکەمان لەگەڵ پارتی جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە

هەواڵ / کوردستان :: 23/01/2019‌ :: 254‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
بەرپرسێکی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: بەرنامەی حیزبەکەیان بۆ کابینەی داهاتووی حکومەت لەگەڵ بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان جیاوازییەکی وای نییە، دەشڵێت: "سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى ئاینده‌ ئێمە و پارتى و یه‌كێتى له‌باره‌ى پرسى به‌رنامه‌ى كابینه‌ى نوێ كۆده‌بینه‌وه‌".


دانا عه‌بدولكه‌ریم، ئه‌ندامى ژورى په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ئه‌ندامى شاندى دانوستانكارى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، به‌دواڕۆژى وت: "كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وامن، كۆبوونه‌وه‌ى ئێمه‌ و پارتیش له‌سه‌ر دوو پرس بوو بۆ به‌رنامه‌ى كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌ت و پێوه‌ره‌كانى پێكهێنانى".

وتیشى: "ئه‌وه‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌بابه‌تى به‌رنامه‌ى حكومه‌ت جیاوازییه‌كى وا له‌ نێوان به‌رنامه‌ى ئێمه‌ و پارتى نییه‌، له‌ به‌رنامه‌ى كارى حكومه‌تدا ئه‌وه‌ى ئێمه‌ پێشنیارمان كردووه‌ له‌باره‌ى چاكسازى له‌ حكومه‌تدا له‌به‌رنامه‌كه‌ى ئه‌وانیشدا بوونى هه‌یه‌، بۆیه‌ تێڕوانینه‌كانمان له‌و روه‌وه‌ زۆر نزیكن".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: سه‌باره‌ت به‌ تێڕوانینمان به‌ پێوه‌ره‌كانى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت ئێمه‌ و پارتى جیاوازیمان هه‌یه‌، ئێمه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنه‌ما پێوه‌ره‌كانمان داناوه‌ ئه‌وان به‌ جیاواز پێوه‌ره‌كانیان داناوه‌، پێوه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك پۆسته‌كان دابه‌ش ده‌كرێن و دیارى ده‌كرێن، بۆیه‌ ئێمه‌ و پارتى تێڕوانینمان بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت جیاوازه‌ له‌سه‌ر پێوه‌ره‌كانى دابه‌شكردنى پۆسته‌كان.

دانا عه‌بدولكه‌ریم، باسى له‌وه‌شكرد: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پارتى زیاتر گفتوگۆى پێوه‌ره‌كانى دابه‌شكردنى پۆسته‌كانمان كردووه‌ و باسى به‌شێك له‌ پۆسته‌كان كراوه‌، به‌ڵام به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ له‌سه‌ر پێوه‌ره‌كان رێكبكه‌وین و دواتر باس له‌ پۆسته‌كان بكه‌ین، ئه‌و بنه‌مایانه‌ى پێوه‌ره‌كانمان له‌سه‌ر داناوه‌ بنه‌مایه‌كه‌ له‌باره‌ى داڕشتنه‌وه‌ و رێكخستنه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌، واته‌ نامانه‌وێت ته‌نیا وه‌زیرێكمان بدرێتێ به‌ڵكو وه‌زاره‌تمان بدرێتێ.

جه‌ختیشى كرده‌وه‌: ئێمه‌ و پارتى په‌له‌مانه‌ و ده‌مانه‌وێت زوو كابینه‌ى نوێ پێكبهێنرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى ئێمه‌ وه‌ك گۆڕان قورساییه‌كى باشمان نه‌بێ له‌ كابینه‌ى نوێ كه‌ بتوانین به‌رنامه‌كانى بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ حكومه‌ت جێبه‌جێ بكه‌ین قورسه‌ بۆ ئێمه‌ بتوانین به‌شدارى له‌ حكومه‌تدا بكه‌ین، بۆیه‌ هێشتا یه‌كلایى نه‌بووینه‌ته‌وه‌ به‌شدارى ده‌كه‌ین یان نا، ئه‌گه‌ر بگه‌ینه‌ رێككه‌وتن به‌شدارى كابینه‌ى نوێ ده‌كه‌ین نه‌گه‌ینه‌ رێككه‌وتن به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌شدارى ناكه‌ین له‌ كابینه‌ى داهاتوودا.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: تائێستا له‌ كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتى هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ پارتى به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌ گۆڕان به‌شدارى له‌ كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌ت بكات، ئێمه‌ خۆشمان گرنگه‌ به‌لامانه‌وه‌ به‌شدارى بكه‌ین، به‌ڵام به‌شداریكردنه‌كه‌ ده‌بێ له‌ چوارچێوه‌یه‌كدا بێت ئێمه‌ بتوانین چوار ساڵى داهاتوو چووینه‌ به‌رده‌م هاووڵاتیان و بڵێین ئه‌م كارانه‌مان بۆ جێبه‌جێكردوون.

 

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى چ هه‌وڵێكیان له‌گه‌ڵ پارتى داوه‌ كۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌شدارى له‌ كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌ت بكات، دانا عه‌بدولكه‌ریم، وتى: "ئێمه‌ تائێستا پشتیوانى له‌وه‌ ده‌كه‌ین كۆمه‌ڵى ئیسلامیش به‌شدارى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت بكات و ئێمه‌ به‌ پارتیمان وتووه‌ پێمان باشه‌ و گرنگه‌ به‌لامانه‌وه‌ كۆمه‌ڵ به‌شدار بێت".

 

دانا عه‌بدولكه‌ریم ئاماژەی بەوەشدا: له‌ كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ پارتى باس له‌وه‌كرا كۆبوونه‌وه‌ى سێ قۆڵى له‌ نێوان (پارتى و یه‌كێتى و گۆڕان) ئه‌نجام بدرێت، ئێمه‌ لاریمان نیه‌ و ئاماده‌ین بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure