نوێنه‌رانى یەكێتی كاركردنیان لە لیژنەیەكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راگرت

هەواڵ / کوردستان :: 22/01/2019‌ :: 1035‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سێ ئەندامی یەكێتی لەلیژنەی پیشەسازی و وزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كارەكانیان راگرت و هۆكارەكەشی بۆ "ناپسپۆری" سەرۆكی لیژنەكە دەگێڕنەوە، سەرۆكی لیژنەكەش روونكردنەوە دەدات.


هەریەك لە رێكەوت زەكی، ئەكرەم شەریف، دیمەن رەزا، ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەنووسراوێك بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەن كاركردنی خۆیان لەلیژنەی پیشەسازی راگرت و داواكارن سەرۆكی نوێی لیژنەكە بگۆڕدرێت.

لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجومەنی پارێزگادا لەكاتی پەسەندكردنی لیژنەی هەمیشەییەكان كە 11 لیژنەن، 10 لیژنەیان بێ كێشە پەسەندكران، بەڵام لیژنەی پیشەسازی كە دوایەمین لیژنە بوو بەهۆی ناكۆكی یەكێتی و گۆڕان، نەتوانرا پەسەندبكرێت، دواتر بۆ یەكەمجار لەمێژووی ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگادا بۆ ماوەی نیو كاتژمێر كۆبوونەوەكە دواخرا تا سەرۆكایەتی ئەنجومەن و فراكسیۆنەكان چارەسەری كاتی كێشەكەیان كرد.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگا، دەبێت لیژنەكان بەشێوەی تاك تەواوبكرێن واتە هەر لیژنەیەك لە 3 یان 5 یان 7 ئەندام پێك بێت، بەڵام بەهۆی كشانەوەی 3 ئەندامەكەی یەكێتی لەو لیژنەیە، 4 ئەندام مایەوە، بۆیە لەكاتی چارەسەركردنی كاتییەكەدا، ئەندامێكی دیكەی گۆڕان لەو لیژنەیە كشایەوە تا ببنە 3 ئەندام.

پێشتر غالیب محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی بوو، بەڵام بەهۆی بوونی بە پەرلەمانتار لە پەرلەمانی عێراق، لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستی لەكاركێشایەوە، ئێستا كەریم عەلی، لە فراكسیۆنی گۆڕان بۆ سەرۆكی لیژنەكە دیاریكراوە كە مامۆستایە.

رێكەوت زەكی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەندامی پێشووی لیژنەی پیشەسازی بە دواڕۆژی راگەیاند: لەبەر هەندێك هۆكار كاركردنیان لەو لیژنەیە راگرتووە، چونكە تێبینییان لەسەر پێكهاتەی نوێی لیژنەكە هەیە.

سەبارەت بەوەی ئەوان تێبینییان لەسەر سەرۆكی لیژنەكە هەیە كە پسپۆری لەو بوارەدا نییە، ناوبراو وتی "بەڵێ راستە، تا ئەو كێشەیەش چارەسەرنەكرێت لەو لیژنەیەدا كارناكەین".

مەهدی مەحمود، ئەندامی فراكسیۆنی خزمەت لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەندامی لیژنەی پیشەسازی بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: برادەرانی یەكێتی كێشەیان لەسەر پێكهاتەی لیژنەكە هەیە و هەوڵدەدەن لە رۆژانی داهاتوودا كێشەكە چارەسەربكەن.

لە بەرامبەردا كەریم عەلی، سەرۆكی نوێی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ رەتیكردەوە راگرتنی كارەكانی ئەو ئەندامانەی یەكێتی پەیوەندی بە ناپسپۆری ئەوەوە هەبێت و وتی: "راستە من پسپۆڕی بواری پیشەسازی و وزە نیم، بەڵام ئەو حاڵەتە لە هەموو لیژنەكاندا هەیە، چونكە هەر ئەندامێك لە 3 لیژنەدایه‌ و بەتێپەڕبوونی كات ئەندامەكان لە لیژنەكان شارەزایی پەیدا دەكەن".

كەریم عەلی ئاماژەی بەوەشدا: "لەماوەی ساڵی رابردوودا ئەو كارانەی كردوومە دژی هەندێك كەسی دەرەوەی ئەنجومەن بووە كە ویستویانە كاری نایاسایی بكەن ئەوەش وایكردووە ئەندامانی یەكێتی نەیانەوێت ببمە سەرۆكی لیژنەكە، بەڵام ئەمڕۆ دەنگ درا بەوەی ببمە سەرۆكی لیژنەكە و پاشگەزبوونەوەی تێدانییە".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure