گۆڕان داواده‌كات دوو نوێنه‌رى له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێم هه‌بێت

هەواڵ / کوردستانی :: 22/01/2019‌ :: 8089‌ جار بینراوە

تاگ :: گۆڕان

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
گۆڕان داواى له‌ پارتى كردووه‌ دوو نوێنه‌رى له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێم هه‌بێت، ئه‌ندامێكى جڤاتى نیشتمانیش ده‌ڵێت: "گۆڕان حه‌قى خۆیه‌تى دوو ئه‌ندامى له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایش هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت له‌ڕووى ئاسایش و ئه‌منیته‌وه‌ خزمه‌تى هاووڵاتیان بكات و بیانپارێزێت".


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 22ى كانوونى دووه‌م، شاندى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ هاوینه‌هه‌وارى پیرمام له‌سه‌ر مه‌رجه‌كان و پشكى گۆڕان له‌ كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، بۆ یه‌كه‌مجار گۆڕان داواى له‌ پارتى كردووه‌ دوو نوێنه‌رى له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێم هه‌بێت، شاندى پارتیش داواكه‌يان وه‌رگرتووه‌ و بڕیاره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى داهاتوو وه‌ڵاميان بدرێته‌وه‌.

هێمن محه‌مه‌د شێخانى، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى گۆڕان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئامانجى ئێمه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌ بده‌ین له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێم ئه‌ندامێكمان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر پارتى پێیوایه‌ پێدانى پۆست له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایش باجه‌ ئه‌وا ئێمه‌ پێمانوایه‌ مافه‌، بۆیه‌ له‌ دانیشتنى ئه‌مڕۆ تایبه‌ت نه‌بووه‌ به‌و داوایه‌ به‌ڵكو ره‌نگه‌ له‌سه‌د خاڵى داواكارى گۆڕان، پێدانى پۆست له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایش یه‌ك خاڵ بووبێت، به‌ڵام به‌گشتى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆدا گفتوگۆ له‌سه‌ر به‌شدارى راسته‌قینه‌ كراوه‌، چونكه‌ كاتێك گۆڕان داواى به‌شدارى راسته‌قینه‌ ده‌كات واته‌ حیزبه‌كانى به‌شدار له‌هه‌موو سێكته‌ره‌كان و به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌وڵى خزمه‌تكردن بده‌ن تاوه‌كو یه‌ك حیزب فه‌رمانڕه‌وایى نه‌كات وه‌كو ئه‌وه‌ى له‌ رابردوو هه‌بووه‌. 

وتیشى: "به‌لاى گۆڕان ئه‌نجومه‌نى ئاسایش به‌شێكى گرنگه‌، بۆ ئه‌وه‌ى له‌وێوه‌ بتوانین ئه‌و ئازادییه‌ى ته‌سك كراوه‌ته‌وه‌ نه‌مێنت، واته‌ گۆڕان حه‌قى خۆیه‌تى دوو ئه‌ندامى له‌وێ هه‌بێت بۆئه‌وه‌ى بتوانێت له‌ رووى ئاسایش و ئه‌منیته‌وه‌ خزمه‌تى هاووڵاتیان بكات و بیانپارێزێت".

هاوكات عەلی حەمەساڵح، ئەندامی شاندى دانوستانكاری گۆڕان بەمیدیاى حیزبەكه‌ى راگەیاندووه‌: هەردوو پڕۆژەكەی خۆمان لەسەر كارنامە ‌و بەرنامەی ئەو حكومەتە نوێیە و پێوەرەكانی كابینەكە ئاراستەی وەفدی پارتی كردووه‌.

وتيشى: لە پڕۆژەكەماندا بەوردی باسی هەموو سێكتەرەكانی حكومەت ‌و شێوازی حوكمڕانی و چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم ‌و نوسینەوەی دەستور و هەموو ئەو كێشانەمان كردووە كە لەكابینەكانی رابردوودا هەبووە.

پ: ن. ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە