پیرترین ژنی جیهان گیانی له‌ده‌ستدا

هەواڵ / جیهان :: 22/01/2019‌ :: 143‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
پیرترین ژنی جیهان كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی رەسمی ناسرابوو، له‌ ته‌مه‌نی 128 ساڵیدا له‌ چیاكانی قه‌وقاز له‌ روسیا گیانی له‌ده‌ستدا.

ئه‌م ژنه‌ كه‌ ناوی نانو شاوۆڤا بوو، گومان له‌ ته‌مه‌نه‌كه‌ی ده‌كرێت، چونكه‌ ده‌بێت پێش ئه‌وه‌ی قه‌یسه‌ری دووه‌م ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست له‌دایكبووبێت.

پێشتر ئه‌م ژنه‌ له‌ تۆماره‌كانی روسیادا وه‌كو به‌ته‌مه‌نترین كه‌سی وڵاته‌كه‌ ده‌ستنیشانكرابوو، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی پاردا ئه‌م ژنه‌ وه‌كو به‌ته‌مه‌نترین ده‌نگده‌ر به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی كرد و پشتیوانیی ڤلادیمیر پوتینی ده‌كرد.

نانو شاوۆڤا دووجار هاوسه‌رگیریی كردووه‌، 7 منداڵ و 19 نه‌وه‌ و 33 منداڵی نه‌وه‌ی و 7 نه‌وه‌ی نه‌وه‌کانی هه‌یه‌.

ئه‌و گومانه‌ی له‌ ساڵی له‌دایكبوونی نانو ده‌كرێت كه‌ ده‌ڵێت ساڵی 1890 لەدایکبووبێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ قه‌وقاز كاته‌كانی له‌دایكبوون به‌باشی تۆمار نه‌كراون.

ئه‌و پێنج منداڵه‌ی نانو له‌ مێردی دووه‌می هه‌یه‌تی هه‌موویان له‌دوای جه‌نگی جیهانیی دووه‌مه‌وه‌ له‌دایكبوون كه‌ ئه‌و كاته‌ نانو ته‌مه‌نی 55 ساڵ بووه‌. 

ئه‌گه‌ر نانو له‌ ساڵی 1890 له‌دایكبووبێت، ئه‌وا له‌كاتی شۆڕشی به‌لشه‌فییه‌كاندا 27 ساڵ و له‌كاتی رووخانی یه‌كێتیی سۆڤێتدا 101 ساڵ بووه‌، ئه‌و وتویه‌تی هۆكاری ته‌مه‌ندرێژییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆی ماندوو كردووه‌ و دۆی خواردۆته‌وه‌.

نانو له‌ مانگی ئایاری ئه‌مساڵدا ده‌بووه‌ 129 ساڵ.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure