10 ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتى جيهان

هەواڵ / ئابوری :: 22/01/2019‌ :: 4295‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
له‌ كۆی نزیكه‌ی 200 وڵاتی جیهان، ته‌نیا ده‌ وڵاتیان بڕێكی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ داهاتیان هه‌یه‌ كه‌ به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتانی جیهان ده‌ناسرێن. داهاتی ساڵانه‌ی ئه‌م وڵاتانه‌ ساڵانه‌ به‌ تریلیۆن و ملیار دۆلاره‌. له‌ ساڵی 2018، ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتانی جیهانی به‌پێی تێكڕای به‌رهه‌می ناوخۆیی (GDP) ئه‌مانه‌ن:


10. هۆنگ كۆنگ كه‌ ئاسانترین شوێنی جیهانه‌ له‌ باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئاسیا بۆ بازرگانی كردن. زۆر كۆمپانیای جیهان باره‌گا له‌ هۆنگ كۆنگ ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێكاری ئاسان و باجی كه‌میان بخرێته‌ سه‌ر. به‌پێی ئاماره‌كانی سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی، هۆنگ كۆنگ ده‌یه‌م به‌رزترین (تێكڕای به‌رهه‌می ناوخۆیی) هه‌یه‌.

9. ئیماراتی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو كه‌ له‌ حه‌وت وڵاتی عه‌ره‌بی پێك هاتووه‌ كه‌ دوبه‌ی به‌ناوبانگترینیانه‌. وڵاته‌كه‌ له‌لایه‌ن خێزانێكی شاهانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت كه‌ شانازییه‌كی زۆر به‌ پێشخستنی بازاڕ و ئابوورییه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كه‌ن. تێكڕای به‌رهه‌می ناوخۆیی ساڵانه‌ بۆ تاكه‌كه‌س 68250 دۆلار بووه‌ و به‌وه‌ش بووه‌ته‌ نۆیه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتی جیهان.

8. كوه‌یت یه‌كێكه‌ له‌و وڵاته‌ كه‌مانه‌ی كه‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت زیانیان پێ ده‌گه‌یه‌نێت به‌ڵام هێشتا ئابوورییه‌كی به‌هێزی هه‌یه‌. به‌شێكی زۆری داهاته‌كه‌ی له‌ گه‌شه‌پێدانی وڵاتدا وه‌به‌رهێناوه‌ و زۆر سه‌ركه‌وتووش بووه‌. تێكڕای به‌رهه‌می ناخۆیی ساڵانه‌ی تاكه‌كه‌س 70 هه‌زار دۆلاره‌.

7. ئایرله‌ندا ئابوورییه‌كه‌ی به‌هۆی وه‌به‌رهێنان و بیناسازییه‌وه‌ گه‌شه‌ی كردووه‌. وڵاته‌كه‌ له‌ڕووی رێژه‌ی كار و به‌رزیی موچه‌ و خه‌رجیی به‌هێزی ناوخۆییه‌وه‌ به‌هێزه‌. ساڵانه‌ی تاكه‌كه‌س تیادا 72630 دۆلاره‌.

6. نه‌رویج یه‌كێكه‌ له‌ دڵخۆشترین وڵاتانی جیهان و له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترینه‌كانیشه‌. تێكڕای به‌رهه‌می ناوخۆیی ساڵانه‌ی تاكه‌كه‌س 74882 دۆلاره‌ و به‌وه‌ش شه‌شه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاته‌. ئابووریی وڵاته‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌ی نه‌وت و بازرگانیی جیهانییه‌.

5. برونای، وڵاتێكه‌ كه‌ كه‌لتورێكی له‌ یاد نه‌چوو و ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵیدا پێشكه‌وتنی له‌ بواری ته‌كنه‌لۆجیا و به‌رهه‌مهێناندا به‌ده‌ست هێناوه‌. هه‌روه‌ها دووه‌م پێشكه‌وتووترین وڵاته‌ له‌ باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئاسیا له‌دوای سه‌نگافوره‌وه‌. ئابووریی برونای له‌سه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وت و گاز و بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تییه‌. ئابوورییه‌ جێگیره‌كه‌شی به‌هۆی وه‌به‌رهێنانه‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌كه‌یه‌تی. تێكڕای به‌رهه‌می ناوخۆیی ساڵانه‌ی تاكه‌كه‌س تیایدا 76740 دۆلاره‌.

4. سویسرا ئه‌و وڵاته‌ی له‌ بناری زنجیره‌چیای ئه‌لپدا هه‌ڵكه‌وتووه‌ و 9 ملیۆن دانیشتووی هه‌یه‌، تێكڕای به‌رهه‌می ناوخۆیی ساڵانه‌ی 80 هه‌زار دۆلاره‌ بۆ تاكه‌كه‌س. داهاته‌كه‌شی له‌ رێگه‌ی بانكداری و پیشه‌سازی و بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی و هێزی كاری پسپۆڕ و گه‌شتیارییه‌وه‌یه‌.

3. سه‌نگافور، وڵاتێكه‌ له‌سه‌ر دوورگه‌یه‌ك بنیاد نراوه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ ركابه‌ره‌كان بۆ بوون به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین ئابووریی جیهان. ساڵانه‌ له‌ وه‌رزی یه‌كه‌می ساڵدا گه‌شه‌ی ئابوورییه‌كه‌ی 2.5%ه‌ و پێناچێت گه‌شه‌كردنه‌كه‌ی دابه‌زێت. تاكه‌ كه‌موكوڕی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نیا پشت به‌ هه‌نارده‌كردن ده‌به‌ستێت. داهاتی به‌رهه‌می ناوخۆیی تاكه‌كه‌س ساڵانه‌ 90530 دۆلاره‌.

2. لوكسه‌مبۆرگ، وڵاتێكی بچووكه‌ له‌ ئەوروپا و ته‌نیا 600 هه‌زار دانیشتووی هه‌یه‌. بێكاریی تێیدا 5%ه‌. داهاتی لوكسه‌مبۆرگ له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی پۆڵا و بانكداریی نێوده‌وڵه‌تییه‌. هه‌روه‌ها دارستانی چڕوپڕی هه‌یه‌ كه‌ پیشه‌سازیی ناوخۆیی له‌سه‌ره‌. ئه‌گه‌ر بریتانیا له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا بكشێته‌وه‌ بۆ لوكسه‌مبۆرگ خراپه‌. تێكڕای به‌رهه‌می ناوخۆیی ساڵانه‌ بۆ تاكه‌كه‌س 109190 دۆلاره‌.

1. قه‌ته‌ر، ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتی جیهانه‌. داهاته‌كه‌ی ته‌نیا له‌سه‌ر فرۆشتنی ئه‌و هه‌موو نه‌وته‌یه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ هه‌یه‌تی. بێكاری له‌ وڵاته‌كه‌دا 0.4%ه‌ واته‌ له‌ هه‌زار كه‌سدا ته‌نیا چوار كه‌سیان بێكارن. قه‌ته‌ر به‌رزترین تێكڕای به‌رهه‌می ناوخۆیی هه‌یه‌ كه‌ 124930 دۆلاره‌. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure