شاندێكى عێراق سه‌ردانى هه‌رێم ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 22/01/2019‌ :: 359‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاریان عه‌لى
وته‌بێژى وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم رایده‌گه‌یه‌نێت: هه‌فته‌ى داهاتوو شاندێكى باڵاى حكومه‌تى عێراق سه‌ردانى هه‌رێم ده‌كات بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ماددى هاووڵاتیانى قوربانى ده‌ستى تیرۆر له‌ هه‌رێم.


فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: هه‌فته‌ى داهاتوو شاندێكى باڵاى حكومه‌تى عێراق كه‌ سه‌رۆكى ده‌زگاى شه‌هیدانى عێراق و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى قوربانیانى ده‌ستى تیرۆرن له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دێنه‌ هه‌رێم.

له‌باره‌ى ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌، فوئاد عوسمان وتى: "هاتنى ئه‌و شانده‌ له‌سه‌ر داخوازى وه‌زاره‌تى شه‌هیدانه‌ بۆ دانانى میكانیزمى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ماددى هاووڵاتیانى هه‌رێم كه‌ به‌هۆى تیرۆره‌وه‌ زیانیان پێگه‌یشتووه‌، ئەمه‌ش به‌پێی یاسای ژمارەی 20ی ساڵی 2009 لە پەرلەمانی عێراق".

هه‌فته‌ى رابردوو نوسینگه‌ى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى مادده‌ى هاووڵاتیانى قوربانى ده‌ستى تیرۆر له‌ هه‌ولێر كرایه‌وه‌ و به‌پێى ئه‌و فۆڕمه‌ى له‌ نوسینگه‌كه‌ دابه‌شده‌كرێت، سه‌رجه‌م قوربانیانی دەستی تیرۆر لە هه‌رێم قه‌ره‌بووده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ بۆ بنه‌ماڵه‌ى شه‌هید 50 ملیۆن دینار و بۆ برینداران له‌ ملیۆنێك و 750 هه‌زار تا پێنج ملیۆن دینار ده‌بێت.

قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى هاووڵاتیانى هه‌رێم له‌كاتێكدایه‌، چه‌ند ساڵێكه‌ کەسوکاری قوربانیانی دەستی تیرۆر لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق قه‌ره‌بووکراونه‌ته‌وه‌.

به‌پێى ئامارێكى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، له‌شه‌ڕى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش نزیكه‌ى دوو هه‌زار پێشمه‌رگه‌ شه‌هید و 10 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ى دیكه‌ش بریندار بوون.

پ:س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە