بڕێك جگه‌رى قه‌ده‌غه‌كراو ده‌ستى به‌سه‌ردا گیرا

هەواڵ / کوردستان :: 22/01/2019‌ :: 188‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى قایمقامیه‌تى كه‌لاره‌وه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تێكدا زیاتر له‌ یه‌ك تەن جگه‌رى به‌ستووی قه‌ده‌غه‌كراو ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا و ژماره‌یه‌ك دوكان و شوێنكاریش سزادران، قایمقامى ناوچه‌كه‌ش ده‌ڵێت: "هه‌ڵمه‌تى گه‌ڕان و پشكنینیان زیاتر كردوه‌". 

شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى كه‌لار به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ هه‌ڵمه‌تێكى لیژنه‌كانیان و هه‌روه‌ها به‌ هاوكارى ئاسایشى كه‌لار توانرا ده‌ست به‌ سه‌ر ئۆتۆمبیلێك بگیرێت كه‌ زیاتر له‌ نیو تەن جگه‌رى به‌ستووى ئێرانى تێدا بووه‌ به‌ شێوه‌ى نایاسابی هاتووه‌ته‌ نێو شارى كه‌لار. 

وتیشى: "له‌ دوو مینى ماركێتیشدا دەستیان گرتوە بەسەر زیاتر له‌ نیو تەنى تر جگه‌ری  قه‌ده‌غه‌كراودا، هاوكات نزیكه‌ى 20 دوكان و شوێنكار به‌هۆى سه‌رپێچییانه‌وه‌ به‌ غه‌رامه‌ى ماددى و داخستن سزادران". 

قایمقامى كه‌لار باسیشى له‌وه‌كرد: له‌به‌رنامه‌ى نوێیاندا بۆ ساڵى 2019 له‌ گه‌ڵ لیژنه‌كاندا كۆبونه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵمه‌تى گه‌ڕان و پشكنین زیاتر ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌پێناو زیاتر كۆنترۆڵكردنى بازاڕ و كارگه‌ و شوێنكاره‌كانە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure