مه‌رج و رێنمایی نوێ بۆ مریشكفرۆشه‌كان ده‌رده‌كرێت

هەواڵ / ئابوری :: 22/01/2019‌ :: 405‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
له‌پێناو پاراستنى ته‌ندروستى هاوڵاتیان و به‌رژه‌وه‌ندى گشتى، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی هه‌ڵه‌بجه‌، به‌گوێره‌ى چه‌ند مه‌رج و رێنماییه‌ك رێگه‌ده‌ده‌ن مریشك بفرۆشرێته‌ هاوڵاتیان، هه‌ر مریشكفرۆشێكیش پابه‌ندی سه‌رجه‌م رێنماییه‌كان نه‌بێت سزاده‌درێت.


ئه‌كره‌م محه‌مه‌د ئاغا، سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی ناوه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 22ى كانونى دووه‌مى 2019 به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌فه‌رمانى دادوه‌ر و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی و پاراستنی ته‌ندروستی هاوڵاتیان چه‌ند مه‌رج و رێنماییه‌كمان بۆ مریشكفرۆشه‌كان ده‌ركردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێیه‌وه‌ پابه‌ندبن، به‌جۆرێك ئه‌وانه‌ی كاری مریشك پاككردن ده‌كه‌ن، پێویسته‌ پشكنینی پزیشكیان هه‌بێت، شه‌ش مانگ جارێكیش ده‌بێت ئه‌و پشكنینه‌ دوباره‌بكه‌نه‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: له‌پێناو سه‌لامه‌تی و دڵنیایی هاوڵاتیان، پێویسته‌ مریشكفرۆشه‌كان ئامێری ئاو گه‌رمكردنیان هه‌بێت و رۆژی سێ جار ئاوه‌كه‌یان بگۆڕن، هه‌روه‌ها ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌ر وه‌جبه‌یه‌كی مریشك هێناندا پسوڵه‌ و ئه‌نجامی پشكنینی ڤێته‌رنه‌ریان هه‌بێت بۆ دڵنیایی ته‌ندروستی مریشكه‌كان.

سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: مه‌رجه‌ سه‌رجه‌م مریشكفرۆشه‌كان ره‌چاوی نرخ و هه‌رزانی بكه‌ن و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى خۆیان یاری به‌نرخه‌كان نه‌كه‌ن، بۆیه‌ هه‌ر مریشكفرۆشێك پابه‌ندی ئه‌م رێنماییانه‌ نه‌بێت لێپێچینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و سزاده‌درێت.

پ: س. م




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure