ساڵی رابردوو 111 كه‌س له‌هه‌رێمی كوردستان كوژراون

هەواڵ / کوردستان :: 22/01/2019‌ :: 326‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
به‌پێی ئامارێك له‌ ساڵی 2018 له‌ هه‌رێمی كوردستان 281 كه‌س كوژراون یان خۆیان كوشتووه‌. 


به‌پێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ ساڵی 2018 له‌ پارێزگاكانی  هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك 111 كه‌س كوژراون و 177 كه‌سیش خۆیان كوشتووه‌. 

به‌پێی ئاماره‌كه‌ له‌ هه‌ولێر 44 كه‌س كوژراون و 34 كه‌سیش خۆیان كوشتووه‌ و له‌ سلێمانی 62 كه‌س كوژراون و 63 كه‌سیش خۆیان كوشتووه‌ و له‌ پارێزگای دهۆكیش 55 كه‌س كوژراون و 47 كه‌سیش خۆیان كوشتووه‌. 

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایە ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی هه‌ریم هه‌ڵمه‌تێكی 15 رۆژه‌ی بۆ داماڵینی چه‌ك له‌ هه‌رێم ده‌ستپێكردووه‌ و داواش له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات مۆڵه‌تی پێدانی چه‌ك سنوردار بكرێت و رێگه‌ش نه‌درێت چه‌ك له‌ ماڵان هه‌بێت. 

زیا بترس، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانی كوشتن به‌هۆی چه‌كی نایاسایی بووه‌ و خه‌ڵكانێك له‌ ماڵه‌كانیان چه‌ك هه‌یه‌ و كاتێك تووشی كێشه‌یه‌ك ده‌بن په‌نا بۆ به‌كارهێنانی چه‌ك ده‌به‌ن. 

وتیشی: "به‌شێكی ئه‌و كوشتنانه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌بوونی چه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ده‌ست كارمه‌ندانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان، كاتێك ده‌وامی رەسمییان ته‌واوده‌بێت چه‌ك له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌نه‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان كه‌ حكومه‌ت پێشتر ئه‌م دیارده‌یه‌ی قه‌ده‌غه‌كردبوو به‌ڵام سه‌ڕی هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌". 

زیا بترس ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: نابێت مۆڵه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی بازرگانی بە چەک بدرێته‌ خه‌ڵك كه‌ ئێستا له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێم شوێنی چه‌ك فرۆشتن بوونی هه‌یه‌ و به‌ ئاشكرا خه‌ڵك چه‌ك ده‌كڕێت و ده‌یفرۆشێت كه‌ ئه‌مه‌ بۆته‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م داماڵینی چه‌ك به‌ ده‌ست هاووڵاتیانه‌وه‌. 

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure