بەڤیدیۆ: سێ ڕۆژە هاتوچۆ لەمەرزێکی هەرێم راگیراوە

هەواڵ / ئابوری :: 22/01/2019‌ :: 509‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، زریان محەمەد
بەھۆی بڕیارێکی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە لەئێستادا بەسەدان ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر لەمەرزی باشماخ ڕاوەستاون و نیگەرانی بازرگانانی بەدوای خۆیدا ھێناوە.

عەلی محەمەد، خاوەنی نوسینگەی گواستنەوەی بارھەڵگر لە مەرزی باشماخ بە دواڕۆژی وت: "لێئستادا بە سەدان بارھەڵگر لەمەرزی باشماخ ڕاوەستاون بەھۆی بڕیارێکی وەزارەتی داراییەوە کە ئەمش بوەتە خاوبونەوەی کار و نیگەرانی بازرگانانی لێکەوتوەتەوە".

وتیشی: "پێشتر ھەر ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگر کە دەھات لە ئێرانەوە 50 دۆلاری بەناوی مەنەفێستەوە لێی وەردەگیرا،  چەند رۆژێکە حکومەتی ئێرانی ئەو مەنەفێستەی لابردوە و پارە لە ئۆتۆمبێلەکان وەرناگیرێت، بەڵام کاتێک بارھەڵگرەکە دێتە گومرگی باشماخ کارەکانی بۆ راییناکرێت بەبیانوی بڕیاری وەزیری دارایی کە ھەر بارھەڵگرێک پارەی ئەو مەنەفێستەی پێنەبێت ئەوا رێگەی پێنادرێت، لەکاتێکدا ئێران خۆی ئەوەی لابردووە کە لەقازانجی کاسبکاراندایە لابردنی ئەو مەنەفێستە".

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی نیگەرانە لەڕاوەستانی بارھەڵگرەکان لەمەرزی باشماخ.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەدواڕۆژی وت: "زیاتر لە ھەزار بازرگان لەسەرجەم بوارە جیاوازەکاندا توشی ئەم گرفت بون و ھانایان بۆ ئێمە ھێناوە، داوادەکەن بەزوترین کات بارەکانیان بۆ رەوانەبکرێت و چیتر لەباشماخ نەمێننەوە".

وتیشی: "وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە لە دیوی ئێران کە بۆ ھەربارێک 50 دۆلارە نایاسایی بوو، بۆیە ئێمە داوامان لە ئێران کرد کە وەرگرتنی ئەو پارەیە لابەرێت، بۆیە ئەوانیش لایانبرد، بەڵام لەئێستادا لەکاتی ھاتنی بارەکان لەمەرزی باشماخ ڕێگری دەکرێت بەبیانوی ئەوەی بارەکان ئەو پارەیەیان نەداوە، بۆیە پێویستە حکومەتی ھەرێم پەیوەست بێت بەڕاییکردنی کاری ئەو بارھەڵگرانە، دەشبێت پێی خۆشبێت کە ئەو پارەیە لەسەر بارەکان لابراوە".

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داواشدەکات: بەزوترین کات حکومەتی ھەرێم لێپرسینەوە لەو کارە بکات ھۆکاری راوەستانی ئە بارھەڵگرانەش بخاتەڕوو.

كاسبکارانی عەلوەی سلێمانیش زەرەرمەندن لەو بڕیارە و رایدەگەیەنن: ماوەی چوار رۆژە بارەکانیان نەھاتۆتە کۆردستان کە زۆربەیان میوەن، گەر زیاتر بمێنێتەوە ئەوا خراپ دەبێت بارەکانیان.

عەتا محەمەد، نوێنەری کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی بەدواڕۆژی وت: "ماوەی چوار رۆژە 24 بارھەڵگری میوە لەمەرزی باشماخ راوەستاوە، تەنیا بەبیانوی نەدانی 50 دۆلاری مەنەفێست لە ناو خاکی ئێراندا لەکاتێکدا ئێران خۆی ئەو پارەیەی ھەڵگرتووە لەسەر بارەکان".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure