ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی شاندی پارتی و گۆڕان ئاشكراكرا

هەواڵ / کوردستان :: 22/01/2019‌ :: 302‌ جار بینراوە
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دانا عەبدولكەریم، ئەندامی شاندی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ئه‌ندامێكی شاندی دانووستانكاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت: كۆبوونه‌وه‌ی راشكاوانه‌یان له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌نجامداوه‌ و ده‌شڵێت: "له‌سه‌ر میكانیزمی چاكسازی له‌ حكومه‌تی داهاتوو جیاوازیمان هه‌یه‌ و ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت چاكسازی له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ بكرێت، به‌ڵام پارتی تێڕوانینێكی دیكه‌ی هه‌یه‌".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 22ی كانوونی دووه‌م، شاندی باڵای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر پێكهێنانی كانبینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم له‌هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، دانا عەبدولكەریم، ئەندامی شاندی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند: لەگەڵ شاندی پارتی كۆبوونەوەیەكی راشكاوانەمان كردووە و لێكتێگەیشتنی باش هه‌بووه‌ لە نێوانیاندا و باسمان لە میكانیزمەكانی پێكھێنانی حكومەت و چاكسازییه‌كان كردوە.

له‌باره‌ی ئه‌و چاكسازییانه‌ی كه‌ گۆڕان له‌ پارتی داوایكردووه‌، دانا عه‌بدولكریم وتی: "ئێمه‌ و پارتی له‌سه‌ر میكانیزمی چاكسازی له‌حكومه‌تی داهاتوو تێڕوانینی جیاوازمان هه‌یه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت چاكسازی گشتگیربێت و له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ بێت، به‌ڵام پارتی شتێكی دیكه‌ ده‌ڵێت و تێڕوانینی ئه‌وان به‌وشێوه‌یه‌یە كه‌ چاكسازی له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ بكرێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: هیوادارن له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتوودا بگه‌نه‌ رێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌شداری كابینه‌ی نوێ ده‌كه‌ن، بتوانن خزمه‌ت بكه‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure