هه‌ولێر: رۆژانه‌ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى سپى دابه‌شده‌كرێت

هەواڵ / ئابوری :: 22/01/2019‌ :: 999‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی نه‌وتی هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت: رۆژانه‌ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی سپی ماڵان دابه‌شده‌كه‌ن و به‌پێی گه‌یشتنی بڕه‌ نه‌وته‌كه‌ش دابه‌شكردنه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت. 

 
عه‌لی مه‌ولود، بریكاری دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی ماڵان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دابه‌شكردنی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی خاو به‌ڕێوه‌ده‌چێت و چه‌ندجارێكیش داوایان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شکردنی نه‌وتی هه‌ولێر كردووه‌ پرۆسه‌كه‌ خێرا بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان وتوویانه‌ نه‌وتی پێویست نییه‌ تا پرۆسه‌كه‌ خێرا بكه‌ن. 

ئه‌و بریكاره‌ وتیشی: "ئه‌گه‌ر دابه‌شكردنی نه‌وت به‌مشێوه‌یەی ئێستا به‌رده‌وامبێت، خه‌ڵكێكی زۆر له‌ وه‌رزی سه‌رمادا ناتوانن نه‌وت وه‌ربگرن و له‌وانه‌شه‌ كه‌ كه‌شوهه‌وا به‌ره‌و گه‌رمی بڕوات وه‌ك ساڵانی پێشوو پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی نه‌وت رابگیرێت. 

لای خۆشیه‌وه‌ ئاری ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی سووته‌مه‌نی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: رۆژانه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقه‌وه‌ بڕی 250 هه‌زار لیتر نه‌وت ده‌درێته‌ هه‌ولێر كه‌ له‌ پاڵاوگه‌ی كه‌ورگۆسك نه‌وته‌كه‌ وه‌رده‌گیرێت كه‌ ده‌كاته‌ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێكدا و به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌شده‌كرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی نه‌وت به‌رده‌وام ده‌بێت و تا ئه‌و كاته‌ش كه‌ حكومه‌تی عێراقی ئه‌و به‌شه‌ نه‌وته‌ بنێرێت رۆژانه‌ بریكارێك یاخود دوو بریكار نه‌وت دابه‌شده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئه‌گه‌ر بۆ یه‌كجار نه‌وت به‌سه‌ر هه‌موو هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر به‌ قەزا و ناحیه‌كانیشه‌وه‌ دابه‌شبكه‌ن، پێویستیان به‌ 100 ملیۆن لیتر نه‌وت هه‌یه‌. 

 

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure