ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەهەرێم به‌ڕێژه‌ی 20% زیادیکردوە

هەواڵ / ئابوری :: 23/01/2019‌ :: 152‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر 
به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی بازرگانی رایده‌گه‌یه‌نێت: ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ رێژه‌ی له‌ 20% زیادی كردووه‌ و ئه‌مساڵیش چه‌ند وڵاتێك بۆ یه‌كه‌مجار كاری بازرگانی له‌ هه‌رێم ده‌ستپێده‌كه‌ن.


نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌راورد به‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی دارایی، له‌ ئێستادا ئاڵوگۆڕی بازرگانی به‌ڕێژه‌ی ‌20% زیادی كردووه.

به‌ڕێوه‌بەری گشتی بازرگانی هه‌رێم وتیشی: "هه‌رێمی كوردستان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی ناوخۆ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م كاڵا و كه‌لوپه‌لی بیناسازی و جلوبه‌رگ له‌ وڵاتانی توركیا، ئێران و چه‌ند وڵاتێكی ترەوە هاورده‌ ده‌كات و به‌ڕێژه‌ی له‌ 70%ی ئه‌و كاڵایانه‌ جارێكی تر هه‌نارده‌ی پارێزگاكانی عێراق ده‌كاته‌وه".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: له‌كۆتایی ساڵی 2018 و ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ی له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ رۆیشتووه‌، جوڵه‌یه‌كی باشی بازرگانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكردووه‌ و به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی كه‌ ساڵی رابردوو له‌گه‌ڵ وڵاتانی سعودیه ‌و هیندستان كراوه‌، زیاتر له‌ 50 كارگه‌ و كۆمپانیای ئه‌و دوو وڵاته‌ دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ یه‌كه‌مجار‌ وه‌به‌رهێنان ئه‌نجامده‌ده‌ن و كاری بازرگانی ده‌ستپێده‌كه‌ن.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure