یەكێتی و پارتی بۆ دەنگدان بەكاندیدی وەزارەتی داد یەكلایی نەبوونەتەوە

هەواڵ / عێراق :: 22/01/2019‌ :: 221‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدەدرێت بۆ دەنگدان بۆ كاندیدەكانی وەزارەتی داد و پەروەردە ، بەڵام تائێستا یەكێتی و پارتی خۆیان یەكلایی نەكردۆتەوە.

ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە دواڕۆژی راگەیاند: دەبێت تاووتوێی سیڤی كاندیدەكە بكەن و پاشان كۆبوونەوەی فراكسیۆن بكەن و خۆیان یەكلایی بكەنەوە بۆ دەنگدان یان دەنگنەدان بەو كاندیدە.

هاوکات شیروان میرزا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ دواڕۆژی روونكردەوە، ئەمڕۆ دەنگدان بۆ ئەو دوو كاندیدە لە بەرنامەی كارە، ئەگەر بزانن ئەو كاندیدە نوێیەی وەزارەتی داد، شیاو و لێهاتووە دەنگی پێدەدەن، بۆ ئەو مەبەستەش كۆبوونەوەی فراكسیۆن دەكەن.

ئێوارەی دوێنێ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەنووسراوێكی فەرمیدا بۆ پەرلەمانی عێراق، ناوی حاكم (ئەركان قادر وەلی كەریم بیبانی) وەكو كاندیدی وەزارەتی داد، سەفانە حسێن ئەلحەمدانی وەكو كاندیدی وەزارەتی پەروەردە رەوانەی پەرلەمان كرد بۆ دەنگدان لەسەریان.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure