بەبڕی یەك ملیار دینار دابەشكردنی پەینی كیمیایی دەستپیپێكردوە

هەواڵ / ئابوری :: 22/01/2019‌ :: 385‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
بەبڕی یەك ملیار دینار و لەسەر بودجەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لەئەمڕۆ 22ی کانونی دووەمەوە دەستكراوە بە دابەشکردنی پەینی كیمیایی بەسەر جوتیارانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە.

 

بۆ هەر دۆنمێك زەوی بڕی 30 كیلۆ پەینی كیمیایی دەدرێتە جوتیاران، ئەوەش دوای ئەوەی ماوەی چوار ساڵە بەهۆی قەیرانی دراییەوە ڕاگیراوە.

 

ستار مەحمود، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە بە دواڕۆژی راگەیاند: دوای زیاتر لە چوار ساڵ دابەشنەكردنی پەینی كیمیایی بەسەر جوتیارانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، ئەمساڵ بە هەوڵی بەردەوامی بەشی خزمەتگوزاری كشتوكاڵی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان توانیمان بە بڕی یەك ملیار دینار پەینی كیمیایی لە جۆری (یۆریا) بۆ جوتیارانی سنورەكەمان دابینبكەین.

 

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو پەینی كیمیاییەی دابینكراوە لە ئەمڕۆوە دەستمانكردوە بە دابەشكردنی بەسەر ئەو جوتیارانەی كە زەوییەكانیان بە گەنم و جۆ چاندووە كە بۆ هەر دۆنمێك بڕی 30 كیلۆ پەینی كیمیاییان پێدەدرێت و بە پاڵپشتی لە %50ی نرخەكەیان لێوەردەگیرێتەوە.

 

بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو: لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە ڕووبەری 80 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ داچێنراوە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕی دوو هەزار و 472 تەن پەین ئامادەكراوە كە دابەشی بكەین بەسەر جوتیارانی سنورەكەدا.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure