پارتی و گۆڕان له‌هه‌ولێر كۆده‌بنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 22/01/2019‌ :: 222‌ جار بینراوە

تاگ :: گۆڕان

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
وابڕیاره‌ پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، شاندی دانوستانكاری پارتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ باره‌ی كارنامه‌ی حكومه‌ت و پۆسته‌كانی كابینه‌ی نوێ بۆ جاری چواره‌م له‌ هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ دووشه‌ممه‌، 21ی كانونی دووه‌م، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی كۆبوونه‌وه‌، وابڕیاره‌ پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، 22ی كانونی دووه‌م، چوارەم کۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان لەشاری ھەولێر بەڕێوەبچێت، ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش تایبه‌ت ده‌بێت به‌ کارنامەی حکومەت و دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، شاندەکەی پارتی پێکھاتوون لە (ئازاد بەرواری، مەحمود محەمەد، جەعفەر ئیمنیکی، ھێمن ھەورامی، دڵشاد شەھاب و فرسەت سۆفی) شاندەکەی گۆڕانیش پێکھاتوون لە (جەلال جەوھەر، مستەفا سەیدقادر، ئاراس وەلی، عەلی حەمەساڵح، دانا عەبدولکەریم، زمناکۆ جەلال).

دڵشاد شه‌هاب، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دانوستانكاری پارتی له‌وباره‌یه‌وه‌ بۆ دواڕۆژ، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی گۆڕان و پارتی درێژكراوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی ڕابردووه‌، به‌ڵام له‌م كۆبوونه‌وه‌یەدا زیاتر ده‌چنه‌ نێو ورده‌كاری پێكهێنانی حكومه‌ت.

ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد: به‌پێی پێشینه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی دیكه‌یان بێت له‌گه‌ڵ گۆڕان گه‌شبینن، هه‌ربۆیه‌ هیوادارن ئه‌مڕۆش هه‌نگاوێكی دیكه‌ بچنه‌ پێش به‌ تایبه‌ت له‌مه‌سه‌له‌ی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت و دابه‌شكردنی پۆسته‌كان.

زیاتر له‌ 114 ڕۆژ تێپه‌ڕ بووە به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌ره‌ڕای ئه‌نجامدانی چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا كابینه‌ی نوێ پێكنه‌هێنراوه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure