هه‌ولێر؛ شه‌ش تاوانبارى هه‌ڵاتوو ده‌ستگیركران

هەواڵ / کوردستانی :: 22/01/2019‌ :: 226‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
پۆلیسی هه‌ولێر ئاشكرایده‌كات: شه‌ش هه‌ڵاتوو كه‌ دوانیان تۆمه‌تبارن به‌ کوشتنی ئافره‌تێك له‌ سنووری ئیداره‌ی ڕاپه‌رین، شه‌وی دووشه‌ممه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی هه‌ولێرەوە ده‌ستگیركراون.


لیوا عەبدولخالق ته‌لعه‌ت، به‌ڕێوبه‌ری پۆلیسی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژ ڕاگه‌یاند: ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ستگیركردنیان بۆ تۆمه‌تبارانی هه‌ڵاتوو ده‌ستپێكردووه‌و شه‌وی دووشه‌ممه‌، 21ی كانونی دووه‌م، هێزه‌كانیان له‌ چه‌ند پڕۆسه‌یه‌كدا توانیویانه‌ شه‌ش تاوانباری هه‌ڵاتوو ده‌ستگیر بكه‌ن.

ئاشكراشیكرد: دوو له‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستگیركراون پێشتر لە سنووری ئیداره‌ی راپه‌رین ئافره‌تێكیان كوشتبوو دواتر هه‌ڵاتبوون و چوار كه‌سه‌كه‌ی دیكه‌ش تاوانبارن به‌ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵان و ته‌قه‌كردن و هه‌ڕه‌شه‌.

به‌وته‌ی به‌ڕێوەبه‌ری پۆلیسی هه‌ولێر، هه‌ر شه‌ش تاوانباره‌كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن دادگاوه‌ فه‌رمانی گرتنیان بۆ ده‌رچووه ‌و دوو له‌ تاوانبارانیش ڕاده‌ستی پۆلیسی ئیداره‌ی ڕاپه‌رین ده‌كرێنه‌وه‌، چونكه‌ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ن.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە