هەڵوێستی شەش فراكسیۆنی كوردی سەبارەت بەكاندیدی نوێی وەزارەتی داد

هەواڵ / عێراق :: 21/01/2019‌ :: 383‌ جار بینراوە
حاكم (ئەركان قادر وەلی كەریم بیبانی) وەكو كاندیدی وەزارەتی داد دەستنیشان کراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت: تائێستا بڕیاری فەرمییان پێنەگەیشتووە بۆ دەنگدان یان دەنگنەدان بەكاندیدی نوێی وەزارەتی داد، بەڵام پەرلەمانتارێكی پارتی دەڵێت: "هەر كاندیدێك كورد بێت دەنگی پێدەدەین".


ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەنووسراوێكی فەرمیدا بۆ پەرلەمانی عێراق، ناوی حاكم (ئەركان قادر وەلی كەریم بیبانی) وەكو كاندیدی وەزارەتی داد، سەفانە حسێن ئەلحەمدانی وەكو كاندیدی وەزارەتی پەروەردە رەوانەی پەرلەمان كرد بۆ دەنگدان لەسەریان.

بڕیارە سبەینێ سێشەممە، پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەی خۆی بكات، بەڵام تائێستا روون نییە ئایا دەنگدان بۆ ئەو كاندیدانە دەخرێتە بەرنامەی كارەوە یان نا.

یەكێتی تائێستا وەزارەتی داد بە پشكی خۆی دەزانێت و كاندیدی خالید شوانی ئەندامی سەركردایەتییە بۆ ئەو پۆستە، د.میران محەمەد، پەرلەمانتاری یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق بەدواڕۆژی راگەیاند: تائێستا هیچ بڕیارێكی فەرمییان بۆ دەنگدان یان دەنگنەدان بەو كاندیدە نوێیە پێنەگەیشتووە، بەڵام نابینە كێشە بۆ حكومەت و هەڵوێستیشمان خراپ نابێت.

هەروەها دانا جەزا، پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی عێراق بۆ دواڕۆژی روونكردەوە، هەر كاندیدێك كورد بێت، ئەوان کێشەیان نییە و دەنگی پێدەدەن. 

غالیب محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕانیش بەدواڕۆژی وت: "ئێمە پێش هەموو دانیشتنێكی پەرلەمان كۆبوونەوەی فراكسیۆن دەكەین و ئەو كاتە بڕیار دەدەین".

لەبارەی هەڵوێستی یەکگرتووەوە، د. موسەننا ئەمین ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان تائێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی کاندیدەکەوە نییەو دەیانەوێت تاوتوێی سیڤییەکەی بکەن.

لەلایەكی دیكەوە سەلیم شوشكەیی، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی عێراق بەدواڕۆژی راگەیاند: تاوتوێی سیڤی كاندیدەكە دەكەین، ئەگەر سیڤییەكەمان بەدڵ بوو دەنگی پێدەدەین و سیڤییەكەشمان بەدڵ نەبوو، دەنگی پێنادەین.

هەروەها د.رێبوار كەریم مەحمود، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بۆ دواڕۆژی روونكردەوە، تاوتوێی سیڤی کاندیدەکە دەكەن و پاشان بڕیاری كۆتایی دەدەن.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure