له‌یادى 95 ساڵه‌ى كۆچى لینین-دا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 21/01/2019‌ :: 356‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ڤلادیمێر ئلیچ ئۆلیانۆڤ، دامه‌زرێنه‌رى حزبى شیوعى روسیا و سه‌ركرده‌ى شۆڕشى به‌لشه‌وى، كه‌ دامه‌زرێنه‌رى ده‌وڵه‌تى سۆڤیه‌ت-یش بوو، ساڵى 1870 له‌ خێزانێكى رۆشنبیر له‌دایكبووه‌. ساڵى 1901 ناسناوى لینین-ى له‌ كار و چالاكیى نهێنیى حزبیدا وه‌رگرتووه‌ و به‌و ناوه‌وه‌ چووه‌ مێژووى چه‌پ و شۆڕشى كۆمۆنیستیه‌وه‌.


لینین هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ توانا و لێوه‌شاوه‌ییه‌كى واى تێدا ده‌ركه‌وت كه‌ له‌ هاوڕێ و هاوته‌مه‌نەكانى جیاده‌كرده‌وه‌. له‌ ساڵى 1887 دا چووه‌ته‌ زانكۆى كازان بۆ خوێندنى یاسا به‌ڵام بە هۆى به‌شداریى له‌ خۆپیشاندانێكى خوێندكاراندا له‌ خوێندن ده‌ركراوه‌. ساڵى 1895 به‌هۆى چالاكیى شۆڕشگێڕییه‌وه‌ و به‌ ده‌ستگیركراوى بۆ ماوه‌ى سێ ساڵ ره‌وانه‌ى سیبیریا كرا. به‌ڵام ئه‌و ماوه‌یه‌ بۆ ئه‌و بووه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ خوێندنه‌وه‌ى وردى ده‌یان كتێبى ده‌گمه‌ن و ناوازه‌ى وه‌ك (سه‌رمایه‌)كه‌ى كارڵ ماركس. دواى ئازادبوونى هه‌ڵسووڕاوانه‌تر كه‌وته‌ خه‌بات و سه‌ركردایه‌تیكردنى بزووتنه‌وه‌ى شۆڕشگێڕی و خوێندنه‌كه‌یشى ته‌واوكرد.

لینین پێیوابوو شۆڕشى راسته‌قینه‌ ده‌بێت له‌لایه‌ن كرێكار و ره‌نجده‌رانه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تى بكرێت ئه‌مه‌یش له‌لایه‌ن ركابه‌ره‌كانى له‌  پارتى كارى دیموكراتى سوسیالیستى روسیاوه‌ ره‌تده‌كرایه‌وه‌، هه‌تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى ساڵى 1912 لینین له‌ (مه‌نشه‌فى)یه‌كان جیابووه‌ و قه‌واره‌یه‌كى دیكه‌ى به‌بیرى شۆڕشى كرێكاریى دامه‌زراند و كه‌وته‌ خه‌باته‌وه‌. له‌و كاتانه‌دا یه‌كێك له‌ وته‌ به‌ناوبانگه‌كانى راگه‌یاند"رێكخراوێكمان له‌ شۆڕشگێڕه‌كان بده‌نێ، روسیاتان بۆ سه‌ره‌وژێر ده‌كه‌ین".

لینین جارێكى تر نێردرایه‌وه‌ بۆ تاراوگه‌ به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان بۆ سویسرا، ئه‌ویش ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یشى قۆسته‌وه‌ و كه‌وته‌ بیركردنه‌وه‌ى زیاتر و كامڵتركردنى بیرى چه‌پڕه‌ویى خۆى. هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا (1916) كتێبى "ئیمپریالیزم، دواقۆناغى سه‌رمایه‌دارییه‌"ى نووسى و بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ به‌یه‌كێك له‌ ناوازه‌تریتن به‌رهه‌مه‌كانى داده‌نرێت.

له‌ ساڵى 1917دا قه‌یسه‌ره‌كانى روسیا رووخێنران و ده‌سه‌ڵاتێكى تر دامه‌زرا، به‌ڵام هه‌ر زوو لینین بووه‌ نه‌یارى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یش كه‌ له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌ى حزبه‌ بۆرژوازه‌ لیبراڵه‌كانه‌وه‌ پێكهێنرابوو. لینین كارى بۆ دامه‌زراندنى حكومه‌تى سۆڤیه‌تى ده‌كرد كه‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن زه‌حمه‌تكێشانى وڵاته‌وه‌ به‌ڕێوه‌ببرێت.

لینین له‌ كۆتاییه‌كانى ساڵى 1917 دا فه‌رمانده‌یى "شۆڕشى ئۆكتۆبه‌ر"ى كرد و به‌سه‌ر نه‌یاره‌كانیدا سه‌ركه‌وت به‌ڵام شه‌ڕى ناوخۆ به‌رپا بوو و نه‌یهێشت ئه‌و حكومه‌ته‌ پێكبێنێت كه‌ خه‌باتى بۆ ده‌كرد و له‌پێناویدا ده‌جه‌نگى. به‌ڵام لینین خۆى راده‌ستى دۆخى ئه‌مرى واقیع نه‌كرد و هه‌موو شتێكى كرد له‌پێناو سه‌ركه‌وتنى شۆڕشى چینى كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و ره‌نجده‌راندا.

نه‌یاره‌كانى ده‌یانزانى كه‌ ئارام و راده‌ست نابێت بۆیه‌ له‌ ساڵى 1918 دا هه‌وڵێكى تیرۆركردنیان دا و برینداریان كرد، به‌ڵام لینین تاده‌هات بازنه‌ى بیر و خه‌باتى فراوانتر ده‌بوو خه‌ڵكى مه‌ینه‌تبارى وڵات له‌ ده‌ورى كۆده‌بوونه‌وه‌ و ستایشى خۆى و رێبازه‌كه‌یان ده‌كرد.

له‌ ساڵى 1921 دا كه‌ گه‌لى روسیا له‌وپه‌ڕى هه‌ژارى و نه‌هامه‌تى و برسێتى و قاتوقڕیدا بوو، لینین سه‌ركردایه‌تیى شۆڕشى جوتیارانى كرد و شۆڕشى خه‌ڵکى ره‌شوڕووتى وڵاتى گه‌یانده‌ ده‌سه‌ڵات. 

لینین كه‌ له‌ ساڵانى 1922و 1923دا چه‌ند جارێك جه‌ڵته‌ى مێشك لێیدا، له‌ 21ى كانونى دووه‌مى 1924دا كۆچى دوایى كرد.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure