عەدنان موفتی: هەر دەبێت یەكێتی و پارتی بگەنە رێككەوتن

هەواڵ / کوردستان :: 21/01/2019‌ :: 213‌ جار بینراوە
عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرایدەكات بۆچوونەكانی یەكێتی و پارتی بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەت لەیەكتر نزكیبوونەتەوە، دەشڵێت: "هەر دەبێت بگەینە رێككەوتن".

 
لە مینانی بەشداریكردنی لە چلەی ماتەمینی مستەفا ساڵح كەریم نووسەر و چیرۆكنووس، عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە میدیاكانی راگەیاند: بۆچوونەكانی پارتی و یەكێتی لەیەكتر نزیكبوونەتەوە، ئێستا گەیشتوونەتە ئەو رادەیەی باسی چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەت بكەن.
 
وتیشی: "هەر دەبێت یەكێتی و پارتی بگەنە رێككەوتن، چونكە هیچ رێگایەكی تر نییە و دەبێت هەمووشمان سەبرمان هەبێت".
 
ئاماژەی بەوەشدا "یەكێتی بۆچوونی وایە هەموو پرسەكان بە یەك پاكێج رێككەوتنێكی نوێی لەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی پێكهێنانی حكومەت پتەوتر بێت، ئەوەش پەیوەندی بە متمانەوە هەیە، چونكە قۆناغێكی دژوارمان بەڕێكرد ئەم چەند ساڵەی رابردوو".
 
عەدنان موفتی، باسی لەوەشكرد "ساردی هەبووە لە نێوان پارتی و یەكێتی و بیروبۆچوونی جیاوازمان هەبووە، بەڵام ئێستا قۆناغی گفتوگۆ و  رێككەوتنە، ئەم كۆبوونەوانەی چەند رۆژی رابردوو باشتر بووە لەنێوان هەردوولا و ئەمڕۆش باسی پێكهێنانی حكومەت كراوە".
 
ئەوەشی خستەڕوو "یەكێتی و پارتی بنەمای بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستانن و چارەسەركردنی كێشەكان و گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕاوەكانن، بۆیە بەبێ‌ یەكتری زەرەر دەكەین و كەسمان قازانج ناكەین".
 
پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure