بۆ نه‌هێشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هاوكاری هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 22/01/2019‌ :: 214‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان لەڕێگه‌ی چه‌ند گروپێكه‌وه‌ له‌ هه‌ریًمی كوردستان كار بۆ نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌كات و سه‌رۆكی سه‌ندیكای پارێزه‌رانیش ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات.

دوێنێ دووشه‌ممه‌ 21ی كانونی دووه‌م، راوێژكاری هه‌رێمی له‌ نووسینگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی سەر بە نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ی پرسی مادده‌ی هۆشبه‌ر و تاوانه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان كۆبووه ‌و پڕۆژه‌یه‌كی تازه‌ی بۆ سه‌ندیكاكه‌ خستۆته‌ڕوو.

به‌ختیار حه‌یده‌ر، سه‌رۆكی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ڕێگه‌ی پڕۆژه‌یه‌كه‌وه‌ هاوكاری هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆ بنه‌بڕكردنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ند گروپێك پێكده‌هێندرێت.

وتیشی: "قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بریتی ده‌بێت له‌ ئه‌نجامدانی راهێنان و چاودێریكردنی ئه‌ندامانی گروپه‌كان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تاوان و به‌ڕه‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان كه‌ له‌و بواره‌شدا پارێزه‌ران رۆڵی كارایان ده‌بێت له‌ سه‌رخستنی ئه‌و پرۆسه‌یه"‌.

سه‌رۆكی سه‌ندیكای پارێزه‌ران ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر رووی له‌ زیاد بوون كردووه ‌و پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی هۆشیار بكرێته‌وه‌ و به‌پێی یاساش سزای توندی ئه‌و كه‌سانه‌ بدرێت كه‌ مامه‌ڵه‌ به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە