لەبارەى خاوبوونەوەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتیان رونکردنەوەدەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: 22/01/2019‌ :: 507‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا خاوبوونه‌وه‌ی هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت له‌ هه‌رێمی كوردستان نیگەرانیی لێکەوتەوە، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ش رایدەگەیەنێت: ئێستا كێشه‌ی خاوی هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت چاره‌سه‌ركراوه‌.


ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند هاووڵاتییه‌ك سكاڵایان له‌سه‌ر خاوبوونه‌وه‌ی هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆماركرد، لەگەڵ خاوه‌نی كۆمپانیاكانی هێڵی ئینتەرنێت كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان کردووه. 

باسی لەوەشکرد: ئێستا خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێت بەشێوەیەكی رێكوپێك و بەپێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ ئێمە كردوویانە، دەگەیەننە بەشداربوان و هەر گرفتێكیشیان هەبووبێت چارەسەریان كردووە لە ڕۆژانی ڕابردوودا.

وتیشی: "دوای ئه‌وه‌ی رای كۆمپانیاكان وه‌رگیراوه‌، بەدواداچوونمان كردووە و بەردەوامیش دەبین بۆ ئاستی خزمەتگوزارییەكانیان، بۆیە ده‌ركه‌وتووە به‌ڕێژه‌ی 2%  خاوبوونەوه‌ له‌ هێڵه‌كانیان هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی یاسا بابه‌تێكی ئاساییه‌". 

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: پێشتر به‌هۆی خراپی كاركردنی كۆمپانیاكانی ئینته‌رنێت و په‌یوه‌ندیكردن، زیاتر له‌ 30 گرێبه‌ستی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ تازه‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و هه‌ر كۆمپانیایه‌كیش پابه‌ندی رێنماییه‌كان نه‌بێت، جگه‌ له‌ سزادان هه‌مان رێكاری به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر. 
 
له‌باره‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و رۆژانه‌ی كه‌ هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت خاوبوون، ئومێد محه‌مه‌د روونیكرده‌وه‌:  به‌پێی یاسا و رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ ئەو كاتە كۆمپانیا ناچار بە قەرەبووكردنەوە ده‌كرێت كە ماوه‌ی 24 كاتژمێر هێڵی ئینتەرنێت بوەستێت، ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند رۆژی رابردووشدا هه‌بووه‌ ته‌نیا خاوبوونه‌وه‌یه‌كی كه‌می هێڵه‌كان بووه‌، ئه‌وه‌ش كۆمپانیا پابه‌ند به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ ناكات. 

پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە