زیاتر له‌ 26 هەزار كارگە و كۆمپانیا لە هەرێم كاردەكەن

هەواڵ / ئابوری :: 21/01/2019‌ :: 268‌ جار بینراوە
خاوه‌ن كارگه‌كان له‌ لێخۆشبوون لە گومرگ هاوكاری دەكرێن فۆتۆ: حه‌مه‌سور

دواڕۆژ، راپۆرتی نوسینگه‌ى هه‌ولێر
له‌ دواى چوار ساڵ قه‌یرانى دارايی، دووباره‌ ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ كارگه‌ى جۆراوجۆر له‌ ساڵى 2018 كه‌وتوونه‌ته‌وه‌ كار، به‌پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى  بازرگانى و پیشه‌سازى ئێستا كارگه‌كانى هه‌رێم زیاتر له‌ 40 هه‌زار هه‌لى كاریان ڕه‌خساندووه‌و به‌شێك له‌و به‌رهه‌مانه‌شى له‌و كارگانه‌ به‌رهه‌مده‌هێنرێت ده‌توانن پێداویستى ناوخۆ پڕبكه‌نه‌وه‌.


به‌پێى ئاماره‌كانى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئێستادا زیاتر له‌ پێنج هەزار كارگە و 21 هەزار كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن.

هه‌ر به‌پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ساڵى 2017 ژماره‌ى ئه‌و كارگانه‌ى مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه‌ بریتیى بووه‌ له‌ 37 كارگه‌، به‌ڵام له‌ ماوه‌ى ساڵى 2018دا هه‌فتانه (4 بۆ 5) كارگه‌ تۆماركراون و له‌ئێستاشدا ژماره‌ى كارگه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، گه‌یشتووەته‌ زیاتر له‌ 5 هه‌زار كارگه‌، ئه‌مه‌ش به‌راورد به‌ ساڵى 2016 و 2017 دوو به‌رامبه‌ر زیادیكردووه‌، واتا له‌ماوه‌ى ساڵێكدا زیاتر له‌ 114 كارگه‌ له‌ بوارى بیناسازى و خۆراك و كیمیایى و پلاستیك و رستن و چنین و فلز و مۆبیلیات و سلیلۆز دامه‌زراون.

ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى بازرگانى ده‌ریده‌خه‌ن ژماره‌ی ئه‌و كارگانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن بیانییه‌كانه‌وه‌ خاوه‌ندارێتی ده‌كرێن، بریتین له‌ 15 كارگه‌ی جۆراوجۆر، له‌و 600 كارگه‌یه‌شى كه‌ له‌ ساڵه‌كانى (2015 و 2016 و 2017 ) به‌هۆى قه‌یرانى دارایى داخرابوون له‌ ئێستا 60% كه‌وتوونه‌ته‌وه‌ كار.

دارا جه‌لیل خه‌یات، سه‌رۆكى یه‌كێتیى ژووره‌ بازرگانییه‌كانى هه‌رێم كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: زۆربه‌ى كارگه‌كان خۆماڵین و خه‌ڵكى كورد ئیداره‌یان ده‌كات و پشكی وڵاتان لەو كۆمپانیایە رێژەیەكی كەمەو پێویستە وا لە كۆمپانیا سەرمایەگوزارەكانی ده‌وروبه‌رو جیهان بكه‌ین لە هەرێمدا پەرە بە كاری پیشه‌سازى و  وەبەرهێنان بده‌ن.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: سیاسەتی حكومەتی هەرێم له‌به‌رامبه‌ر كەرتی پیشەسازی  سیاسەتێكی بازاڕی ئازادە، چونكه‌ زیاتر هاوبەش و هەماهەنگی پەرەپێدانه‌ بە كەرتی پیشه‌سازى.

هه‌ر به‌پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى پیشه‌سازى، كارگه‌كانى شیش و چیمه‌نتۆ له‌ هه‌رێمى كوردستان 70% پێداویستى ناوخۆى عێراق پڕده‌كه‌نه‌وه‌، به‌جۆرێك ساڵانه‌ كارگه‌كانى هه‌رێمى كوردستان تواناى به‌رهه‌مهێنانى زیاتر له‌ 15 ملیۆن ته‌ن چیمه‌نتۆیان هه‌یه‌، له‌و ڕێژه‌یه‌ش پێنج ملیۆن بۆ پێداویستى ناوخۆیه‌و بڕه‌كه‌ى دیكه‌ ده‌نێردرێته‌ ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق.

ئاماره‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه‌ڕوو: كارگه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌توانن به‌شێكى زۆرى پێداویستى ناوخۆ پربكه‌نه‌وه‌، له‌وانه‌ بوارى خۆراك و كه‌ره‌سته‌ى بیناسازى و پاككه‌ره‌وه‌، له‌ ئێستاشدا زیاتر له‌ 150 به‌رهه‌م له‌ كارگه‌كان ده‌توانن پێداویستى 50% ناوخۆ هه‌رێم دابینبكه‌ن.

لاى خۆیه‌وه‌ ته‌یب كه‌ژۆ، به‌رێوبه‌رى گشتى گه‌شه‌پێدانى پیشه‌سازى بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "زیاتر له‌ 40 هه‌زار كرێكار و كارمه‌ند له‌سه‌رجه‌م كارگه‌ بچووك و مامناوه‌ندی و گه‌وره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن".

وتیشی: "كارگه‌كانی بواری به‌رهه‌مهێنانی بیناسازی توانیویانه‌ زۆربه‌ی پێداویستییه‌ ناوخۆییه‌كان پڕبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام كارگه‌كانی بواری به‌رهه‌مهێنانی خۆراك نه‌یانتوانیوه‌ به‌ ته‌واوى پێداویستی ناوخۆ پڕبكه‌نه‌وه‌".

ئه‌و به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو: وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى پلانى هه‌یه‌ پشتیوانى به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كان بكات تاوه‌كو كارگه‌ داخراوه‌كانیش سه‌رله‌نوێ بخرێنه‌وه‌گه‌ڕ.

ئاماژه‌ش به‌وه‌ده‌كات: تاوه‌كو ئێستاش وه‌زاره‌تى شاره‌وانى مۆڵه‌تى به‌ زیاتر له‌ چوار هه‌زار زه‌وى پیشه‌سازى داوه‌و له‌و ژماره‌یه‌ شه‌ش سه‌د تاوه‌كو حه‌وت سه‌دیان مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه و كاریان نه‌كردوه‌.

راشیگه‌یاندووه‌: كارگه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ توانایاندایه‌ زیاتر له‌ 250 جۆرى پلاستێك به‌رهه‌مبهێنن و وه‌زاره‌تى بازرگانیش چه‌ند ئاسانكارییه‌كى پێشكه‌شى بازرگانان كردووه‌، به‌مه‌به‌ستى دامه‌زراندنى كارگه‌ى نوێ، له‌وانه‌ له‌ باج به‌خشین و كه‌مكردنه‌وه‌ى رسومات و ئاسانكارى بۆ هێنانى ماده‌ى خاو و یه‌ده‌گ له‌ده‌ره‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، به‌ڕێوبه‌رى گشتیى بازرگانى له‌ وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ژماره‌ى كارگه‌كانى هه‌رێمى كوردستان زیاتر له‌ پێنج هه‌زار كارگه‌یه‌، له‌گه‌ڵ هاتنى قه‌یرانى دارایى ژماره‌یه‌ك له‌و كارگانه‌ داخران، به‌ڵام له‌ ئێستادا ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ كارگه‌كان به‌گه‌ڕخراونەتەوە.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەپێی یاسای ژمارە 25ی ساڵی 1992، زەوی به‌و كه‌سانه‌ ده‌دات كه‌ له‌ بوارى پیشه‌سازى كارده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ پێدانی قەرزیش برگەیەكی دیكەی یارمەتیدانی كەرتی پیشەسازییە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی قەیرانی دارای-یەوە ئەو قەرزە وەستێنراوە.

وتیشى: "خاوه‌ن كارگه‌كان له‌ لێخۆشبوون لەگومرگ و كەرەستەی خام و كەلوپەلەكانیش هاوكاری دەكرێن".

پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure