یه‌كگرتوو له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین و مه‌سعود بارزانی رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 21/01/2019‌ :: 784‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان  یه‌كگرتوو رونكرده‌وه‌ ده‌دات و ده‌ڵێت: "به‌ئیراده‌ و به‌رنامه‌ی خۆمان ئۆپۆزسیۆنی ئه‌كه‌ین و سورین له‌سه‌ری".


خه‌لیل ئیبراهیم، وته‌بێژی یه‌كگرتوو له‌ راگه‌یاندراوێكدا ده‌ڵێت: " ئێمه‌ له‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان خاوه‌نی پڕۆژه‌یه‌كی سیاسی و فیكری و ئه‌خلاقی و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆمانین ‌و به‌رده‌وام سه‌ربه‌خۆ بووین له‌ هه‌ڵوێست و بڕیار و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانماندا". 

راشیگه‌یاندووه‌: "به‌ به‌رنامه‌ و پلانی خۆمان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا به‌شداریمانكردووه‌ و ئێسته‌ش به‌ ئیراده‌ و به‌رنامه‌ی خۆمان ئۆپۆزسیۆنی ئه‌كه‌ین و سورین له‌سه‌ری، سه‌ربه‌خۆیی بڕیار و هه‌ڵوێست دروشمی خه‌باتمانه‌ و باجی زۆریشمان له‌وپێناوه‌دا داوه‌ و ملمان به‌ هیچ هێزێكی ناوخۆیی و ناوچه‌یی نه‌داوه‌." 

له‌باره‌ی ئه‌و ره‌خنانه‌ی له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ یه‌كگرتووی گیراوه‌، خه‌لیل ئیبراهیم ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی كه‌ گوایه‌ نوسراوه‌ ده‌رباره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مینداری گشتی له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، هه‌ڵه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌ له‌ خۆیان و له‌ ئێمه‌ش، چونكه‌ هیچ كات ئێمه‌ له‌ یه‌كگرتوو به‌ خه‌یاڵیشماندا نه‌هاتووه‌ ژێرباری نه‌هج و سه‌لیقه‌ی سیاسی كه‌س بكه‌وین تا ئێستا ئه‌وان له‌ پله‌ و پایه‌ی هاوپه‌یمانی خۆیان مه‌حروممان بكه‌ن".

دوێنی یه‌كشه‌ممه‌ 20ی كانوونی دووه‌م، سه‌ڵاحه‌ددین به‌هادین و مه‌سعود بارزانی له‌ پیرمام كۆبوونه‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: هـ. ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure