نوێترین زانیاری دەربارەی لێپێچینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرێکی سلێمانی لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە

هەواڵ / کوردستان :: 22/01/2019‌ :: 444‌ جار بینراوە

تاگ :: کارەبا

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی ئامادەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نەبووە كە پێشتر بەمەبەستی "لێپێچنەوە" بانگهێشتكرابوو، لەبری ئەوەش نامەیەكی بۆ ناردوون، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنیش دەڵێت: "نووسراوێكی دیكە بۆ بانگهێشتكردنی دەكەنەوە و دەبێت رۆژی 28ی ئەم مانگە ئامادەبێت".


بەرزان محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: "هەرچەندە بڕیاربوو رۆژی 16ی کانونی دووەمی 2019 بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی بەمەبەستی (لێپێچینەوە) بانگهێشتی ئەنجومەن بكرێت، بەڵام ئامادەنەبووە و لەبری ئەوەش، نامەیەكی بۆ ئەنجومەن ناردوە".

ناوبراو روونیكردەوە: "نامەكە بەلیژنەی یاسایی ئەنجومەن دراوە و لیژنەكەش وەڵامی داونەتەوە، سەرەتای ئەم هەفتەیە نووسراوێكی جەختكردنەوە بۆ بانگهێشتكردنی دەكەنەوە، چونكە واژۆی زیاتر لە 19 ئەندام ئەنجومەن هەیە كە دەبێت بۆ ئەو مەبەستە ئامادە بێت و بڕیارە رۆژی 28ی کانونی دووەمی 2019 بێتە ئەنجومەن".

سەبارەت بەوەی بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی لە نووسراوەكەدا چی بۆ ئەنجومەن نووسیوە؟ بەرزان محەمەد ئاماژەی بەوەكرد: "بەڕێوەبەری گشتی كارەبا وتویەتی، ئێوە بۆتان نییە لە من بپرسنەوە و من پەیوەندیم بە وەزارەتی كارەباوە هەیە، خاڵی دووەمیش، تانەی لە بڕیارەكە داوە كە یاسایی نییە، ئێمەش پاڵپشت بە بڕگەكانی 12 و 15ی یاسای ئەنجومەن بۆمان روونكردۆتەوە كە كارەكەمان یاساییە، چونكە ئەو پێگەكەی خۆی بەكارهێناوە، خاڵێكی دیكەی یاساكەش دەستكراوەمان دەكات كە هەموو فەرمانبەرێك لە حكومەتی خۆجێیی سلێمانی بانگ بكات كە ئەویش فەرمانبەرێكە".
 
بەپێی بەدواداچوونی دواڕۆژ، هۆكاری سەرەكی ئەو بانگهێشتكردنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەرەتای ئەمساڵ رزگار حەمەنوری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بابەتێكی لەسەر كارەبای پارێزگای هەڵەبجە نوسیوە و ئاماژەی بەوەداوە كە كارەبای شارەزوور بە بڕیاری كارەبای سلێمانی هەڵدەستێت بەدانانی جۆزەی 16 ئەمپێری بۆ كارەبای نیشتمانی ماڵان، لەو رووەشەوە تێبینی لەسەر پڕۆژەكە هەبووە، دواتریش بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی بەهەمانشێوە لە ئەكاونتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وەڵامی نووسینەكەی رزگار حەمەنوری داوەتەوە.

 

پ: ئەڤین



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە