واده‌ى وه‌رگرتنى پاره‌ى ئاو به‌پێوه‌ر دواده‌كه‌وێت

هەواڵ / ئابوری :: 22/01/2019‌ :: 470‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ولێر ئاشكراى ده‌كات له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان پاره‌ی چوار مانگی ساڵی رابردوو به‌ سیستمه‌ كۆنه‌كه‌ له‌ هاوڵاتیان وه‌رده‌گیرێت و پاره‌ى ئه‌مساڵیش دواى وه‌رگرتنى پاره‌ى چوار مانگى ساڵى رابردوو ده‌ست پێده‌كات.

ئاری ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: پاره‌ی مانگه‌كانی 9 و10 و11 و 12ی 2018 به‌ سیستمی كۆن له‌ هاوڵاتیان وه‌رده‌گیرێت، كه‌ بۆ خانووی 100م 5000 دینار، بۆ خانووی 125م 6250 دینار، بۆ خانووی 150 7500 دینار بۆ هه‌ر مانگێك وه‌رده‌گیرێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ولێر وتیشی: "پاره‌كه‌ له‌لایه‌ن كارمه‌ندانی كۆمپانیای خه‌تیبوعه‌له‌م كۆده‌كرێته‌وه‌، پێویسته‌ هاوڵاتیانیش ئاگاداربن ئه‌و كامه‌ندانه‌ی پاره‌كه‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌ پسووله‌ی فه‌رمی كۆمپانیاكه‌یان لایه‌، له‌كاتی وه‌رگرتنی پاره‌كه‌ له‌و پسووله‌یه‌دا تۆمار بكرێت و كۆپیه‌كی بدرێته‌ خاوه‌ن ماڵ و كۆپیه‌كه‌ی تریشی لای كامه‌نده‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بۆ مانگه‌كانی داهاتوو ببێته‌ به‌ڵگه‌ كه‌ ئه‌م ماڵه‌ پاره‌كه‌یان داوه‌".
 
ئاری ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: له‌ مانگی كانونی دووه‌می 2019 پاره‌ی مانگه‌كانی 9 و10 و له‌مانگی ئازاری 2019  و پاره‌ی مانگه‌كانی 11 و 12ی ساڵی 2018 له‌ هاوڵاتیان وه‌رده‌گیرێت و له‌هه‌مان كات خوێندنه‌وه‌ به‌ پێوه‌ری ئاو له‌لایه‌ن كامه‌ندانی كۆمپانیای خه‌تیبوعه‌له‌م تۆمار ده‌كرێت. 

روونیشیكرده‌وه‌: دوای ئه‌وه‌ی پاره‌ی ئه‌و چوار مانگه‌ كۆده‌كرێته‌وه‌ له‌ 1ی ئایاری 2019 پاره‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی ماڵان به‌ سیستمی پێوه‌ر بۆ مانگه‌كانی 1 و 2 ی 2019   كۆده‌كرێته‌وه‌.
 
له‌باره‌ی ئه‌و ماڵانه‌ی كه‌ پێوه‌ره‌كه‌یان نه‌به‌ستوه‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئاوی هه‌ولێر وتی: "ماوه‌ی دوو مانگ بۆ هاوڵاتیان دیاریكراوه‌ تا پێوه‌ری ئاو ببه‌ستن و گه‌ر ئه‌م كاره‌ش ئه‌نجام نه‌ده‌ن ئه‌وا لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت كه‌ به‌پێی رێنماییه‌كان دیاری كراوه‌. 

تا ئێستا به‌ستنی پێوه‌ری ئاوی خواردنه‌وه‌ی ماڵان له‌ پارێزگای هه‌ولێر به‌ رێژه‌ی له‌ 90% به‌ستراوه‌، به‌ڵام له‌ پارێزگای سلێمانی رێژه‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ له‌ 50%. 

پ: س.م 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure