سوید و كه‌نه‌دا ماڵئاوایی له‌ مامه‌ڵه‌ى كاش ده‌کەن

هەواڵ / ئابوری :: 20/01/2019‌ :: 495‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان محه‌مه‌د
چیتر كۆمه‌ڵگاى خاڵى له‌ پاره‌ى كاش خه‌یاڵ نییه‌، زۆربه‌ى وڵاتان زۆر به‌خێرایی رووه‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕۆن كه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ بازرگانى و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارییه‌كاندا شێوازى پاره‌دانى ئه‌لیكترۆنى به‌كاربهێنن كه‌ له‌ رێگه‌ى كارتى بانكى، یان ئه‌پلیكه‌یشن یان مۆبایله‌وه‌ ده‌بێت، سوید له‌ هه‌وڵدایه‌ له‌ چه‌ند ساڵى داهاتوودا مامه‌ڵه‌ى بازرگانى و كڕین و فرۆشنى كاش نه‌هێڵێت.


سووده‌كانى مامه‌ڵه‌ى ئه‌لیكترۆنى

ئه‌وانه‌ى پاڵپشتى بیرۆكه‌ی مامه‌ڵه‌ى ئه‌لیكترۆنى ده‌كه‌ن، پێیانوایه‌ له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ى مامه‌ڵه‌ به‌ پاره‌ى كاش ده‌كرێت، دیارده‌ى دزیكردن تیایدا زۆره‌و زۆربه‌ى مامه‌ڵه‌ نایاساییه‌كانیش به‌ پاره‌ى كاش ده‌كرێت و مامه‌ڵه‌ى ئه‌لیكترۆنى رێگره‌ له‌ سپیكردنه‌وه‌ پاره‌و ئاشكرابوونى هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌كى نایاسایی.

هه‌روه‌ها له‌ كۆمه‌ڵگاى ئه‌لیكترۆنیدا ده‌وڵه‌ت به‌ ئاسانى ده‌توانێت باج له‌ تاكه‌كان وه‌ربگرێت و كۆى بكاته‌وه‌، تێچووى چاپكردنى پسوله‌ و پاره‌ش له‌سه‌ر شانى حكومه‌ت ناهێڵێت.

مه‌ترسى و زیانه‌كانى

ئه‌وانه‌ی كه‌ دژى مامه‌ڵه‌ى ئه‌لیكترۆنین ده‌ڵێن تایبه‌تمه‌ندى تاك نامێنێت و دامه‌زراوه‌كان به‌ ئاسانى ده‌توانن ده‌ستكارى داتاو زانیارى كه‌سه‌كان بكه‌ن.

هه‌روه‌ها له‌كاتى دروستبوونى هه‌ر كێشه‌و گیرگرفتێكى ته‌كنیكى، كڕیار بێبه‌ش ده‌بێت له‌و شته‌ى كه‌ بیه‌وێت بیكڕێت، هه‌ژاره‌كان و ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ى ئه‌لیكترۆنى و بانكیدا تۆمار نه‌بن و مۆبایلى زیره‌كیان نه‌بێت، به‌گران ئیش و كاریان ده‌ڕوات، بۆیه‌ هێشتا مامه‌ڵه‌ى ئه‌لیكترۆنى رێگایه‌كى درێژى له‌به‌رده‌مدایه‌.

كه‌نه‌دا و سوید..وازهێنان له‌ مامه‌ڵه‌ى كاش

به‌پێى توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ (Forex Bounses) ده‌رباره‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ زۆرترین مامه‌ڵه‌ى ئه‌لیترۆنى ده‌كه‌ن ئه‌نجامیداوه‌ تیایدا هاتووه‌" كه‌نه‌دا له‌ پله‌ى یه‌كه‌مى ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ كه‌ هاووڵاتییەکانی زۆرترین مامه‌ڵه‌ى ئه‌لیكترۆنیان هەیە، هه‌موو هاووڵاتیه‌ك كارتى ئه‌لیكترۆنى هه‌یه‌، سوید له‌ پله‌ى دووه‌م  59%دایەو هاووڵاتیان مامه‌ڵه‌ی ئه‌لیكترۆنى ده‌كه‌ن.

بریتانیا له‌ پله‌ى سێیه‌مدایه‌ و 47%ی دانیشتوانەکەی مامه‌ڵه‌ى ئه‌لیكترۆنى ده‌كه‌ن و چواره‌م وڵات فه‌ره‌نسایه‌ 39%ی هاووڵاتیان كارتی دڵنیاییان هه‌یه‌.

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا له‌ پله‌ى پێنجه‌م ، چین له‌ پله‌ى شه‌شه‌مدایه‌ كه‌ له‌ پێنج ساڵى رابردوودا مامه‌ڵه‌ى ئه‌لیكترۆنى زۆر به‌خێرایی گه‌شه‌ى كردوه‌.

ئوسترالیا له‌ پله‌ى حه‌وته‌مدایە كه‌ هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌ك بڕه‌كه‌ى له‌ 7500 دۆلار زیاتر بێت، پێویسته‌ به‌ئه‌لیكترۆنى و له‌ رێگه‌ى بانكەوە بێت، ئه‌ڵمانیا له‌ پله‌ى شه‌شه‌مدایه‌و ته‌نیا 30%ی مامه‌ڵه‌ى بازرگانییان ئه‌لیكترۆنییه‌.

حكومه‌تی سوید زۆر به‌خێرایی رووه‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕوات كه‌ مامه‌ڵه‌ى كاش نه‌هێڵێت و به‌نیازه‌ له‌ پێنج ساڵى داهاتوودا كۆى مامه‌ڵه‌كان به‌ئه‌لیكترۆنى بكات. 

بۆ كه‌سێك بیه‌وێت سه‌ردانى وڵاتى سوید بكات، ده‌بێت مشورى كارتى دڵنیایی و بانكى بخۆات، چونكه‌ ته‌نیا 13%ی مامه‌ڵه‌ى بازرگانى له‌ سوید به‌كاشه‌، حكومه‌تى سویدیش به‌ یاسا رێگه‌ به‌ شوێنه‌ بازرگانییه‌كان ده‌دات كه‌ پاره‌ى كاش وه‌رنه‌گرن.

رۆژنامه‌ى گاردیان له‌ راپۆرتێكدا رایگه‌یاندوه‌ له‌ 1600 بانك كه‌ له‌ سوید هه‌یه‌ 900 بانك به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ به‌ پاره‌ى كاشەوە ناكه‌ن.

چین، سوڵكردن به‌ كارتى ئه‌لیكترۆنى 

به‌پێچه‌وانه‌ى وڵاتانى ئه‌وروپاى خۆرهه‌ڵات، چین له‌ رێگه‌ى كۆدى (QR) مامه‌ڵه‌ى ئه‌لیكترۆنى په‌ره‌سه‌ندێكى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، هاووڵاتیان له‌ برى كارتى دڵنیایی رووه‌و كۆدى كیو ئاڕ ده‌ڕۆن.

هاوكات ساڵى 2011 له‌ چین ئه‌پلیكه‌یشنى (وى چات) بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ كۆدى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى خێراى تێدایه‌ بۆ ئاڵوگۆڕى داتا و زانیارى و پاره‌دانى خێرا.

ئێستا بۆ هه‌ر شارێكى چین بڕۆیت كۆى كیو ئاڕ له‌ هه‌موو شوێنێك هه‌یه‌، له‌ بازاڕ و مۆڵه‌كان، یاریگاكان، هه‌رشوێنێكى بازرگانى، ته‌نانه‌ت سواڵكه‌ره‌كانیش له‌ شارى شان دۆنگ، كه‌ پڕه‌ له‌ گه‌شتیار ده‌به‌یه‌كى به‌تاڵیان پێیه‌ كه‌ كۆدى (كیو ئاڕ)ی له‌سه‌ره‌ بۆ وه‌رگرتنى پاره‌ به‌شێوه‌ى خێرا.

پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure