وەزارەتی رۆشنبیری بڕیارێک دەربارەی کەناڵە ناوخۆییەکان دەردەکات

هەواڵ / کوردستان :: 20/01/2019‌ :: 774‌ جار بینراوە

تاگ :: رۆشنبیرى

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری رایده‌گه‌یه‌نێت: هه‌ر كه‌ناڵیكی راگه‌یاندن له‌ ماوه‌ی 10 رۆژدا مۆڵه‌تی كه‌ناڵه‌كه‌ی تازه‌ نه‌كاته‌وه‌ راسته‌وخۆ داده‌خرێت. 

فەرهەنگ گۆمەشینی، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێم بە دواڕۆژی راگه‌یاند: هه‌رچه‌نده‌ بڕیاردرابوو له‌ رۆژی 20ی كانونی دووه‌می 2019 دواین رۆژبێت بۆ تازه‌کردنەوەی مۆڵەتی کەناڵە ناوخۆییەکان، بەڵام لەبەر بارودۆخی ئێستای هەرێم و ڕەچاوکردنی دۆخی دارایی کەناڵەكانی راگه‌یاندن، ماوه‌كه‌ درێژكرایه‌وه‌ بۆ 1ی شوباتی 2019. 
 وته‌بێژی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان وتیشی: "هه‌ر كه‌ناڵێك له‌ ماوی ئه‌م 10 رۆژه‌ مۆڵه‌ت تازه‌ نه‌كاته‌وه‌، ئەوا ده‌ستبه‌جێ په‌خشه‌كانیان راده‌گیرێت و تا مۆڵه‌تیش تازه‌ نه‌كه‌نه‌وه‌ رێگه‌یان پێنادرێت په‌خشی به‌رنامه‌كانیان بكه‌ن و هه‌ر كه‌سێكیش سه‌رپێچی بكات سزا ده‌درێت. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: له‌ كۆی 122 كه‌ناڵی ناوخۆیی تا ئێستا 32 كه‌ناڵیان مۆڵه‌تیان تازه‌ نه‌كردووەته‌وه‌. 

به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی راگه‌یاندن له‌ هه‌رێمی كوردستان 300 كه‌ناڵی كوردی و بیانی هه‌ن كه‌ له‌وانه‌ 122 كه‌ناڵیان لۆكاڵین.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure