باشماخ: زیاتر له‌ 700 هه‌زار گه‌شتیار هاتووچۆیان كردووه‌

هەواڵ / ئابوری :: 21/01/2019‌ :: 285‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
ساڵی رابردوو لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە، زیاتر لە (377) هەزار گەشتیار و هاوڵاتی ئێرانی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و بەپێچەوانەشەوە زیاتر لە (365) هەزار كەس لە هەرێمەوە چوونەتە ئەو وڵاتە، هاوكات داوای لابردنی ڤیزا لەنێوان هەردوولا دەكرێت.


بەپێی ئامارێكی بنكەی نشینگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، كە وێنەیەكی دراوەتە دواڕۆژ، تیایدا هاتووە: "ساڵی 2018، له‌ مه‌رزى باشماخ (377.900) هاوڵاتی و گەشتیاری ئێرانی (فارس و كوردانی رۆژهەڵات) لە ڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان".

هەر بەپێی ئەو ئامارە تایبەتـە، لە هەرێمی كوردستانەوە و لەهەمان ساڵدا (365.191) گەشتیاران چوونەتە خاكی ئێرانەوە.

كەریم عەلی، خاوەنی نوسینگەی گەشتیاريی لە قەزای پێنجوێنن بۆ دواڕۆژ وتى: بەهۆی هاوسنووری پێنجوێن لەگەڵ شارەكانی (مەریوان، سنە، سەقز و بانە) رۆژانە خەڵكێكی زۆری ناوچەكە، دێنە لامان داوای ڤیزا دەكەن تا بۆ ئێران گەشت بكەن.

وتیشی: "هاوڵاتیانی پێنجوێن و شارەكانی دیكه‌ى هەرێم و بەتایبەتیش گەشتیاران، دەڵێن ئەگەر ڤیزا لاببرێت خەرجیەكی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە، هەروەها هاتوچۆی گەشتیارانیش زیاتر دەبێت، بۆیە پێمان باشە بەزووترین كات لەلایەن بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە كار بۆ هەڵگرتن و لابردنی ڤیزا بكەن".

ئاماژەی بەوەشكرد: رۆژانە خەڵكێكی زۆر لەپێنجوێنەوە بەمەبەستی كاری بازرگانی و گەشتیاری و سەردانی نەخۆش دەچنە وڵاتی ئێران، لەبەرئەوەی پەیوەندی ژن و ژنخوازی و خزمایەتی لەنێوان پێنجوێنیەكان و شارەكانی رۆژهەڵات هەیە و ئەگەر بازرگانێكیش بیەوێت ڤیزایەكی سێ مانگی بۆ چوونە ئێران وەربگرێت ئەوا دەبێـت مانگی 145 هەزار دیناری عێراقی بدات و بۆ سێ مانگەكەش دەكاتە 435 هەزار دینار ئەوەش بڕێكی زۆرە. ئەمە جگە لەوەی هەندێك حاڵەتی كتوپڕ هەیە پێویستە بەزووترین كات سەردانی وڵاتی ئێران بكرێت.


پ: س. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە