یه‌كێتی و پارتی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك وه‌فدێكی هاوبه‌ش پێكده‌هێنن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 20/01/2019‌ :: 294‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
سه‌باره‌ت به‌دۆخی كه‌ركوك بڕیاره‌ وه‌فدێكی هاوبه‌شی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكات.


له‌كۆبونه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوولا له‌ هه‌ولێر، له‌سه‌ر پێكهێنانی وه‌فدێكی هاوبه‌ش رێككه‌وتوون كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كه‌ركوك بچێته‌ به‌غدا.

كاوه‌ ئه‌حمه‌د، كارگێڕی لقی كه‌ركوكی پارتی به‌ دواڕۆژی وت: ئه‌و لیژنه‌یه‌ بۆ كاركردن له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم كارده‌كات.

وتیشی: "پێكهێنانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ هه‌نگاوێكی جیاوازه‌ له‌و روه‌وه‌ی كه‌ یه‌كێتی و پارتی گه‌یشتوون به‌و رێكکه‌وتنه‌ی كه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كه‌ركوك پێویسته‌ له‌ به‌غداوه‌ بێت نه‌وه‌كو ئه‌نجومه‌نی پارێزگا".

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو: له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاودا ئه‌و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌ كارده‌كات بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی كه‌ركوك و لابردنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی له‌سه‌ر شاره‌كه‌.

كۆتایی ساڵی رابردوویش مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شیان پێكهێنا بۆ دانانی میكانیزمه‌كانی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك، به‌ڵام دوای كۆبوونه‌وه‌یه‌ك، به‌هۆی ناكۆكیه‌كانی نێوان هه‌ردوو حیزب به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار چیتر لیژنه‌كه‌ نه‌یتوانی كۆببێته‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ لیژنه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ كه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك پێكهێنراوه‌ له‌سه‌ر ئاستی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوولایه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دیكه‌ له‌سه‌ر ئاستی به‌رپرسه‌ باڵاكانی كه‌ركوك بوو.

به‌پێی زانیاریيه‌كان، ئاسۆ مامه‌ند و ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی ده‌كه‌ن له‌ لیژنه‌كه‌دا، به‌ڵام هێشتا نازانرێت كێ نوێنه‌رایه‌تی پارتی ده‌كات.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌یش 20ی كانونی دووه‌م، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵه‌كان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك له‌گه‌ڵ ستافی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوك له‌ سلێمانی كۆبووه‌ته‌وه‌.

عه‌لی قه‌ڵایی، كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی به‌ دواڕۆژی وت: "له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی دۆخی كه‌ركوك كرا له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه‌كانی نێوان یه‌كێتی و پارتی".

وتیشی: "هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا باس له‌و پۆستانه‌ كرا كه‌ پێویسته‌ بدرێته‌ كه‌ركوكیه‌كان و جه‌ختیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ پۆستی وه‌زاره‌تی داد شایسته‌ی یه‌كێتیه‌ و له‌نێو یه‌كێتیشدا شایسته‌ی كه‌ركوكە و نابێت سازشی له‌سه‌ربكرێت".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هه‌فته‌ی رابردوو وه‌فدێكی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی به‌سه‌رپه‌رشتی ئاسۆ مامه‌ند ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و به‌به‌شداری خالید شوانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه‌ سه‌ردانی به‌ره‌ی توركمانی و میحوه‌ری كه‌ركوكی رێكخراوی به‌در و ئه‌نجومه‌نی سیاسی عه‌ره‌بیان كرد.

جه‌نگی عزه‌دین، لێپرسراوی په‌یوه‌ندیيه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی له‌ لێدوانێكی پێشوتریدا به‌دواڕۆژی راگەیاندبوو: یه‌كێتی له‌ سه‌ردانه‌كانیدا ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی خستووه‌ته‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌كان و پێشتریش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان تاوتوێكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌رێگه‌ی لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ هه‌موو لایه‌ك تێیدا به‌شداربێت دۆخه‌كه‌ ئاسایی بكرێته‌وه‌.

باسی لەوەشکردبوو: لیژنه‌كه‌ كه‌ركوكیانه‌ ده‌بێت و ئه‌ركی كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و دانانی پارێزگار و دابه‌شكردنی پۆسته‌كان له‌ئه‌ستۆده‌گرێت تاوه‌كو دۆخه‌كه‌ ئاساییبكرێته‌وه‌ و په‌یوه‌ندی و متمانه‌ی لایه‌نه‌كان زیندوبێته‌وه‌.

به‌وته‌ی به‌رپرسه‌كه‌ی یه‌كێتی، ئاماده‌كاری بۆ پێكهێنانی لیژنه‌كه‌ ده‌كرێت و هێشتا هیچ پۆستێكیش دابه‌شنه‌كراوه‌.

دواڕۆژ ئه‌وه‌شیزانیووه‌ كه‌ به‌منزیكانه‌ له‌ به‌غدا، وه‌فدێكی یه‌كێتی له‌سه‌ر ئاستێكی فراوانتر له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی توركمانی و عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركوك كۆده‌بێته‌وه‌.

مه‌به‌ستیش له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای به‌ره‌ی توركمانیه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتووه‌، ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك دەبێت.

پ: ن. ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure