"نرخی قاوەیەك لەكافتریاكانی سلێمانی هاوتای ئێران و توركیایە"

هەواڵ / ئابوری :: 20/01/2019‌ :: 1184‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال
بەشێك لە هاووڵاتیان و بەرپرسانی حكومەت لە شاری سلێمانی ئاماژە بەگرانی نرخی خواردن و خواردنەوەكان لەكافتریاكان دەكەن، هاووڵاتییەك دەڵێت: "نرخی قاوەیەك لەكافتریاكانی سلێمانی هاوتای كافتریاكانی ئێران و توركیایە، بەڵام  خاوەنی كافتریاكانیش رەتیدەكەنەوە نرخیان گران بێت".


222 كافتریا لەپارێزگای سلێمانی هەیە
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی كە بەدواڕۆژ دراوە، لەپارێزگای سلێمانی 222 كافتریای گەشتیاری هەیە كە پشكی شێریان بەر شاری سلێمانی دەكەوێت.

"نرخی كافتریاكان گرانن" 
دیار ئیبراهیم، گەنجێكی تەمەن 25 ساڵە و لەكەرتی تایبەت كار دەكات، زۆرجار لەگەڵ هاوڕێكانی بۆ بەسەربردنی كاتەكانی روو لە كافتریا دەكات، ئەو پێیوایە نرخی كافتریاكان بەگشتی گرانن، بەڵام بەپێی شوێنیش دەگۆڕێت.

دیار وتی: "من زیاتر لە دوو ساڵە دەچمە كافتریاكان و زۆربەشیان چووم، راستە نرخ گرانە بۆ نموونە لەهەندێك شوێن قاوەیەك بە 4 هەزارە یان نێرگەلە بە 10 هەزارە،  ئەو نرخەش بەپێی شوێنی كافتریا و جۆری خزمەتەكە دەگۆڕێت".

"نرخی كافتریاكانی سلێمانی هاوتای كافتریاكانی ئێران و توركیایە"
زیرەك حەمید، گەنجێكی تەمەن 28 ساڵە و زۆرجار سەردانی وڵاتانی توركیا و ئێرانی كردووە و باسی لەوەكرد: لەڕووی هەندێك نرخەوە كافتریا چوار و پێنج ئەستێرەكانی سلێمانی هاوتای كافتریاكانی ئێران و توركیان.

زیرەك دەڵێت: "لەكافتریایەكی چوار ئەستێرەدا لە ئێران قاوەیەك بەنزیكەی 15 تا 20 هەزار تمەنە كە نزیكەی دوو دۆلارە، لەكافتریایەكی توركیاش قاوەیەك بە 25 تا 30 لیرە زیاتر نییە دەكاتە دوو دۆلار و نیو".

بەڕێوەبەری گەشتوگوزار: نرخی كافتریاكان گرانن
عەلی رەئوف، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ دانی بەوەدانا كە نرخی كافتریاكان بەچوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرەشەوە گرانن، بۆ ئەو مەبەستەش داوایان لە پارێزگاری سلێمانی كردووە پێداچوونەوە بەنرخی كافتریا و سەرجەم خواردنەكانیشدا بكرێتەوە كە ئەوەش زیاتر تایبەتمەندە بە چاودێری بازرگانی.

ناوبراو روونیكردەوە: نرخەكان بەپێی شوێنەكانیش دەگۆڕێت، بۆ نموونە رەنگە قاوەیەك لەهەندێك شوێن بە هەزار دینار بێت، بەڵام لەهەندێك شوێنی دیكەش گرانترە، بەڵام لەهەموو حاڵەتێكدا نرخەكان گرانن و پێویستییان بەپێداچوونەوەیە.

مەرجێك بۆ كافتریا و رێستۆرانتەكان دانراوە
گەشتوگوزار كە ناتوانێت نرخ بۆ كافتریاكان دیاری بكات، بەڵام مەرجێكی بۆ داناون ئەویش بە دانانی نرخ لەسەر مێنو و سایت و سۆشیال میدیاكانیان.

ئارام شوانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانی بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: بۆ چارەسەری نرخەكان، دەبێت خاوەن مۆڵەتە گەشتیارییەكان نرخەكان لەسەر مێنو لەفەیسبووك و سایتەكانیان دابنێن تا هاووڵاتیان بزانن نرخەكانیان چەندە.

شوانی ئاماژەی بەوەشكرد: ئەوان ناتوانن وەك مەرج نرخیان بۆ دیاری بكەن و وتی: "بۆ نموونە قاوە، هەندێك هەیە ماركەیە نرخەكەی بە كڕین كیلۆی لە 8 هەزار دینار تا 8 هەزار دۆلارە و ئێمە ناتوانین بەكافتریا بڵێین ماركەی هەرزان دابنێن، بەڵام وەكو مێنو بۆمان كردوون بە مەرج كە نرخی لەسەر دابنێن".

"كافتریا چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرەكان دیاریكردنی نرخ نایانگرێتەوە"
سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بۆ دواڕۆژ دانی بەوەدانا كە نرخی كافتریاكان بەگشتی گرانن و ئەوانیش بەردەوام چاودێری نرخەكان دەكەن و تائێستاش پسووڵەی سەرپێچییان بۆ زۆربەی كافتریاكان كردووە.

سۆران وتی: "لە چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرەكان بۆ نموونە نرخی قاوە لە چوار هەزار و پێنج هەزارە، شەربەتیش بەهەمانشێوە، بەڵام ئەگەر زیاتری بكەن پسووڵەیان بۆ دەكرێت، بەڵام نرخی ئاوێك لەهەموو ئەو شوێنانە بە 500 دینارە".

ناوبراو روونیكردەوە: "كافتریای چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرە دیاریكردنی نرخ نایانگرێتەوە و ئازادن، بەڵام ئێستا بەهۆی گرانی نرخەكانیانەوە خەڵك روویان تێناكەن و ناچارن نرخ دابەزێنن، بەڵام لە هەموو كافتریاكان نرخی ئاوێك لە 500 دینار زیاتر نییە"، ئاشكراشیكرد كە لیژنەیەكی هاوبەش دروست دەكرێت بۆ دانانی نرخ.

كافتریاكان چی دەڵێن؟
بەشێك لە كافتریاكانیش بۆ ئەو رەخنە و گلەییانەی سەبارەت بە گرانی نرخ رووبەڕوویان دەكرێتەوە قسەی خۆیان هەیە، ئاودێر عەبدوڵا، خاوەنی كافتریایەكی چوار ئەستێرەیە لە شاری سلێمانییە و بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: زۆربەی كافتریاكانی سلێمانی سێ یان چوار ئەستێرەن، چونكە كافتریای پێنج ئەستێرەیی دەبێت خواردنەوەی (مەی) تێدا بێت كە ئەوانیش زۆر كەمن.

ناوبراو دوو مەرجی سەرەكی بۆ كافتریا هەیە ئەوانیش (ئەستێرە و شوێن)، ئەگەر كافتریایەك چوار ئەستێرە یان پێنج ئەستێرە بێت و شوێنەكەشی باش بێت بەدڵنیاییەوە نرخی گرانترە لەبەرئەوەی نرخی شوێنەكەشی زۆرە و كارمەندیشی زیاترە.

ئەو خاوەن كافتریایە نموونەی كافتریاكەی خۆی هێنایەوە و وتی "ئێمە مانگی نزیكەی دوو ملیۆن دینار بەكرێ دەدەین، بەڵام لەبەرئەوەی شوێنەكەمان گەڕەكە نرخمان هەرزانترە، بۆ نموونە قاوەیەكی ئاسایی بە 2 هەزار و 500 دینار دەدەین، قاوەیەكی توركی بە 3 هەزارە، بەڵام كافتریای وەكو ئێمەش لەبەرئەوەی شوێنەكەشی باشە قاوەی توركی بە 6 هەزار دینار دەدات".

ئاودێر نموونەی هەندێك لەكافتریا ناسراوەكانی دیكەی هێنایەوە و دەڵێت "كافتریا هەیە چوار ئەستێرەیە و ناسراوە و شوێنەكەشی زۆر باشە، بەڵام مانگی 6 ملیۆن دینار كرێ دەدات و كارمەندی زۆرە و خزمەتگوزاریشی باشە، بۆیە نرخەكانیشی بەرزترن". 
 
ئارام مەحمود، خاوەنی كافتریایەكی دیكەی پێنج ئەستێرەییە كە (مەی) خواردنەوەشیان هەیە و بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: هەر كافتریایەك بە مەرجەكانی باخ و شوێنی وەستانی ئوتومبیل، دەبێتە پێنج ئەستێرە، ناوبراو رەتیكردەوە ئەوان نرخیان گران بێت و وتی "ئێمەش كێشەی خۆمان هەیە، بۆ نموونە ساڵانە باج دەدەینە حكومەت، شوێنەكەمان كرێی زۆرە و ستافی زۆریشمان هەیە، پاشان كافتریا و خواردن و خواردنەوەكانمان كوالێتین".

ئارام باسی لەوەكرد: لای ئەوان قاوەیەك بەنرخی چوار هەزارە، بەڵام هەموو مەسرەفەكانیشیان لەسەر ئەو خواردن و خواردنەوانەیە كە دەیفرۆشن.

پ:س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure