پێنجوێن نزمترین پلەی گەرما بەخۆیەوە دەبینێت

هەواڵ / کوردستانی :: 19/01/2019‌ :: 661‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
هاتنی شەپۆلی نوێی بەفر بارین، پلەكانی گەرمای سنووری قەزای پێنجوێنی دابەزاندووە و بەپێی پێشبینییەكان بۆ ماوەی یەك هەفتە پلەكانی گەرما بۆ زیاتر لە 10 پلەی ژێر سفر دادەبەزێت.

 

بەهادین حەسەن، لێپرسراوی بەشی كەشناسی پێنجوێن، بەدواڕۆژی راگەیاند: وەك ئاشكرایە شەپۆلێكی نوێی بەفربارین لەم چەند رۆژەدا سنوورەكەمانی گرتەوە و بەو هۆیەشەوە بڕێكی زۆر بەفر باریوە.

 

ناوبراو، وتیشی: "تاوەكو ئێستا كۆی گشتی بارانبارینی ئەمساڵی پێنجوێن (944.9) ملم بووە، لەكاتێكدا ساڵی پار ئەم كاتانە تەنیا (272) ملم بوو، هەروەها كۆی گشتی بەفری ئەمساڵی ناوچەكەمان گەیشتۆتە (41) سم، لەكاتێكدا بەفری پار تەنیا دوو سم بوو".

 

روونیشیكردەوە "لەم هەفتەیەدا و بەپێی پێشبینییەكانمان هیچ باران و بەفر نابارێت، بەڵام پلەی گەرمی تا زیاتر لە (10) پلەی ژێر سفری سەدی دادەبەزێت بەتایبەتی لەشەواندا و بەوەش دیاردەی بەستن روودەدات، هەرچەندە چەند سەرچاوەیەكی كەشناسیش باسیان لەوەكردووە نزمترین پلە تا 13 پلەی ژێر سفر دەبێت".

 

ئاماژەی بەوەشكرد: لەكۆتایی هەفتەشدا دابەزینی پلەكانی گەرما بۆ پێنج پلەی ژێر سفر دادەبەزێت.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure