لەبارەی زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی هەرێم لێکۆڵینەوەدەکرێت

هەواڵ / کوردستانی :: 19/01/2019‌ :: 775‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بەرپرسانی ئاوی ژێرزەوی و ئاوی سلێمانی رایدەگەیەنن: بارینی باران و بەفر، كاریگەری لەسەر زیادبوونی ئاو هەیە و ئێستا تاووتوێی ئەو زیادبوونە دەكەن.


عەباس عەلی، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی لەلێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: هەموو باران و بەفربارینێك كاریگەریی بۆ ئاوی ژێرزەوی هەیە لەو ناوچانەی لێیان دەبارێت، چونكە لەژێر زەویدا "دەمیلەی نێو بەرد و شەقەكان" هەیە كە ئاو تێیاندا قەتیس دەبێت، بەڵام لەحاڵەتی بارینی باران و بەفر، ئاوی ژێرزەوی لەڕووبەرێكی زۆر فراوان لەو شوێنانەی ژێرزەوی كۆدەبێتەوە.

سەبارەت بەوەی لەڕووی زانستییەوە بەڕێژەی چەند ئاو لەژێرزەوی زیاد دەكات؟ ناوبراو روونیكردەوە: ئەوان لەسنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین 12 حەوزی ئاویان هەیە و ئێستا لە چەند روویەكەوە دیراسەی دەكەن.

ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئاوی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: بارینی باران و بەفر تا زۆرتر بێت كاریگەری بۆ زیادبوونی پڕۆژەی ئاوی سەرچنار هەیە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد: هێڵی ئاوی یەكی دوكان توانای گواستنەوەی ئاوی هەیە بۆ  3 هەزار مەتر سێجا لەكاتژمێرێكدا، هێڵی دووەمیش توانای گواستنەوەی ئاوی هەیە لە 7 بۆ 8 هەزار مەتری سێجا.

لەوەرزی پایزی پارساڵەوە تائێستا كە نزیكەی مانگێك بەسەر وەرزی زستاندا تێپەڕیوە، بەڕێژەیەكی زۆر باران و بەفر باریوە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure