تۆمەتێکی "مەترسیدار" ئاراستەی ترەمپ دەکرێت

هەواڵ / جیهان :: 19/01/2019‌ :: 282‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
کۆشکی سپی و پارێزەرەکەی دۆناڵد ترەمپ، ئەو تۆمەتانەیان رەتکردەوە کە ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا کراون و دیموکراتەکان بە "مەترسیدارترینی" ناودەبەن تائێستا کە تیایدا ئەوە ئاشکراکراوە ترەمپ راستەوخۆ داوای لە پارێزەری پێشووی کردووە درۆ لەگەڵ کۆنگرێس بکات.


ماڵپەڕی (بازڤید)ی ئەمریکی ئاشکرایکردووە: بەپشت بەستن بە دوو سەرچاوە لە پۆلیسی فیدراڵی، دۆناڵد ترەمپ داوای لە مایکڵ کۆهینی پارێزەری پێشووی کردووە درۆ لەگەڵ کۆنگرێس بکات لە دانیشتنی ساڵی 2017 سەبارەت بە پرۆژەیەکی بیناسازی لە روسیا.

ئەم تۆمەتە ترسناکەش، بەپێی ماڵپەڕە ئەمریکییەکە یەکەم حاڵەتە تیایدا ترەمپ داوا لە کەسێک بکات کە لە ژێردەستیدا کاردەکات درۆ بکات سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ.

رۆدی جولیانی، پارێزەری ترەمپ راپۆرتەکەی بازڤید بە "هەڵە" ناودەبات، هاوکات هۆگان گیدلی جێگری وتەبێژی کۆشکی سپیش راپۆرتەکەی بەشتێکی بێ مانا وەسفکردووە و دەڵێت: "کۆهین بە ئاشکرا سەلماندویەتی کە ئەو کەسێکی درۆزنە".

لەبارەی ئەو تۆمەتانەوە، ترەمپ رۆژی هەینی لە تویتێکدا نوسیبووی: "مایکڵ کۆهین درۆ دەکات لەپێناو ئەوەی سزاکەی کەمبکرێتەوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر مایکڵ کۆهین دانی بەوەدانابوو کە درۆی لەگەڵ کۆنگرێس کردووە سەبارەت بەو بابەتە و بەهۆیەوە سزای سێ ساڵ زیندانیکردن بەسەریدا سەپێنرا، بەڵام ئاشکرای نەکردبوو کە ئایا خۆی درۆکەی کردووە یان دۆناڵد ترەمپ داوای لێکردووە بیکات. 

جێف مێرکلی، سیناتۆری کۆمارییەکانیش دەڵێت: "ئەگەر سەلمێنرا کە ترەمپ داوای کردووە شایەتی درۆ بدرێت، ئەوە مانای ئەوەیە تاوانێکی گەورەی ئەنجامداوە و پێویستە دەستلەکاربکێشێتەوە یان دوربرخێتەوە".

بڕیارە کۆهین رۆژی حەوتی شوبات داهاتوو جارێکیتر وتەی وەربگیرێت لەبەردەم لیژنەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەران کە لە ئێستادا بەدەست دیموکراتەکانەوەیە.

بەپێی راپۆرتەکەی بازڤیدیش، ئەگەر کۆهین بتوانێت لەژێر سوێندخواردندا ئەو تۆمەتانە بسەلمێنێت، ئەوا رەنگە دەرگای رێکارەکانی دورخستنەوەی سەرۆک بکاتەوە. ترەمپیش ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، هەرگیز داوای لە پارێزەری پێشووی نەکردووە پێشێلی یاسا بکات.

ئا: ن. ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure