كۆبوونه‌وه‌كان له‌باره‌ى ورده‌كارییه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستانی :: 19/01/2019‌ :: 288‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
وابڕیاره‌ له‌ سبه‌ى یه‌كشه‌ممه‌وه‌ گه‌ڕێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كان له‌ نێوان پارتى له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ستپێبكاته‌وه‌، وته‌بێژى یه‌كێتی-ش ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات: لیژنه‌كانى نێوان هه‌ردوولا گفتووگۆكانیان له‌سه‌ر وه‌رده‌كارییه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌.


به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست دوارۆژ كه‌وتووه‌، له‌ دوو رۆژى داهاتوودا كۆبوونه‌وه‌ى شاندى باڵاى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆران و یه‌كێتیى نیشتیمانى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و لیژنه‌ لاوه‌كیانه‌ى كه‌ له‌ نێوان هه‌رسێ لایه‌ن دروستكراون له‌ هه‌ردوو شارى هه‌ولێر و سلێمانى كۆده‌بنه‌وه‌ و، ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى كۆبوونه‌وه‌كانیش تایبه‌ت ده‌بێت به‌ به‌رنامه‌ى حكومه‌ت و رێككه‌وتنى سیاسى نێوانیان.

دواڕۆژ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ كۆبوونه‌وه‌ى نێوان لایه‌نه‌كان زانیویه‌تى قۆناغى داهاتووى كۆبوونه‌وه‌كان، گفتووگۆكردن ده‌بێت له‌سه‌ر رێككه‌وتنى سیاسى و داڕشتنى به‌رنامه‌ى حكومه‌ت و دابه‌شكردنى پۆست و ناوى كاندیده‌كان.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، شاندى پارتى ئامانجیه‌تى له‌ماوه‌یه‌كى نزیكدا ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت، تاوه‌كو هه‌نگاوه‌كانى دیكه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت بچێته‌ پێشه‌وه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش له‌م هه‌فته‌یه‌دا هه‌وڵى دیاریكردنى واده‌یه‌ك ده‌دات بۆ هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان.

به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، له‌ سبه‌ینێوه‌ كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ لاوه‌كیه‌كه‌ى نێوان پارتى و یه‌كێتیى كه‌ پێهاتوون له‌ هه‌ریه‌ك له‌ (رۆژ نورى شاوه‌یس و هۆشیار زێبارى و مه‌حمود محه‌مه‌د) له‌ پارتى و (ئه‌رسه‌لان بایز و عیماد ئه‌حمه‌د و ئاسۆ مامه‌ند) له‌ یه‌كێتى له‌باره‌ى پرسى رێككه‌وتنى سیاسى هه‌ردوولا ده‌ستپێده‌كات، له‌ هه‌مانكاتیشدا لیژنه‌ى باڵاى دانوستانكارى نێوان هه‌ردوولاش له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى خۆیان به‌رده‌وام ده‌بن، به‌ هه‌مانشێوه‌ كۆبوونه‌وه‌كانى نێوان پارتى و گۆڕان له‌سه‌ر ئاستى لیژنه‌ى باڵاو ئه‌و دوو لیژنه‌ لاوه‌كیه‌ى كه‌ دروستكراون به‌رده‌وامى ده‌بێت.

دواڕۆژ، زانیویه‌تى كۆبوونه‌وه‌كان له‌ هه‌ولێر و سلێمانى ده‌بێت، له‌ زۆربه‌ى ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ش هه‌ریه‌ك له‌ نێچیرڤان بارزانى و مه‌سرور بارزانى ئاماده‌ده‌بن.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی بۆ دواڕۆژ وتى: لەم هەفتەیه‌دا گفتوگۆكانی یەكێتی‌ و پارتی دەستپێدەكەنەوە، زۆربه‌ى بابەتەكانی نێوانیان گفتوگۆى زیاتر له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ هەنگاوە کردارییەکانی پێکهێنانی حکومەت و شاندێکی باڵاشیان هەیە بۆ بەدواداچوونی پرسەکانی کەرکوک و بەغدا.

وتیشى: "هیچ سەقفێکی زەمەنی دانەنراوە بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، بەڵام دەبێت لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی شاندی دانووستانی پێکهێنانی حکومەت، ئەو سەقفە زەمەنییە دابنرێت".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە